Skip to the content

ھە‌رێمی کوردستان بە‌فە‌رمی لە رێکخراوی‌ ئایسۆ (ISO) ناسێندرا

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- رێکخراوی (ئایسۆ International Organization for Standardization ) بەفەرمی هەرێمی کوردستانی ناساند وەک هەرێمێک لە عیراق.

بەناوی ھە‌رێمی کوردستانە‌وە ‌و لەسەر داوای قوباد تاڵە‌بانی، جێگری سە‌رۆکی ئە‌نجومە‌نی وە‌زیران، کە‌ ھە‌رێمی کوردستان بە فەرمی بناسێندرێت و کۆدی تایبەت بەخۆی ھە‌بێت لە مامەڵە جیهانییەکاندا، ئە‌مڕۆ ٤/٣، رێکخراوە‌کە‌ ڕە‌زامە‌ندیدا لە‌سە‌ر داواکارییە‌کە‌و کۆدی (IQ-KR)ی بۆ هەرێمی کوردستان دابین کرد.

دوای رە‌زامە‌ندی رێکخراوی ئایسۆ (ISO) و دابینکردنی کۆدی تایبەت بە خۆی، ھە‌رێمی کوردستان بەپێی ڕێنماییەکانی رێکخراوی یونیکۆد (Unicode) دەتوانێت ببێتە خاوەنی ئیمۆجی ئاڵای کوردستان.

ئە‌م ناساندنە‌ی ھە‌رێمی کوردستان‌، جگە‌ لە‌وە‌ی ئاڵای کوردستان دە‌ناسێندرێت وە‌ک ھە‌رێمێک لە‌ (یونیکۆد Unicode Standard)، کار ئاسانی دە‌کات بۆ بە‌ستنە‌وە‌ی دامودە‌زگاکانی ھە‌رێمی کوردستان بە‌ دامودە‌زگا نێودە‌وڵە‌تییە‌کان.

قوباد تاڵەبانی دەربارەی ئەم بڕیارە ووتی “ ئەم ناساندنە هاوکارمان دەبێت لە‌ مامە‌ڵە‌ ئە‌لیكترۆنییە‌ نێودە‌وڵە‌تییە‌كان و ھە‌نگاونانی زیاتر بەرەو حکومەتێکی ئەلەکترۆنی. هەروەها ئە‌م ناساندنە‌ یارمەتیدەر دەبێت لە پرۆسە‌ی بازرگانی ئەلەکترۆنی و بەریدی نێودەوڵەتی (پۆستە‌) و گەشەکردنی کەرتی بانکی لە هەرێمی کوردستان. جێی دڵخۆشییە‌ كە‌ ئە‌و ناساندنە‌ رێگە‌خۆشکەر دە‌بێت بۆ دامەزراندنی ئیمۆجی ئاڵای کوردستان بە فەرمی”.
جێگری سە‌رۆك وە‌زیران ستایشی رۆڵی ھە‌ردوو وە‌زارە‌تی پلاندانانی حكومە‌تی عێراق و حكومە‌تی ھە‌رێمی كوردستانی كرد كە‌ ھاوكار بوون لە‌م پرۆسە‌یە‌.

کۆدی هەرێمی کوردستان لە ئێستادا پارێزگاکانی هەولێر و سلێمانی و دهۆک لەخۆ دەگرێت و داوای زیادکردنی کۆدی پارێزگای هەڵەبجەش کراوە کە لە داهاتوویە‌كی نزیکدا زیاد دەکرێت.

رێکخراوی (ئایسۆ International Organization for Standardization ) رێکخراوێکی جیھانیە‌ تایبە‌تە‌ بە‌ دانانی پێوە‌رە‌کانی مۆڵە‌تە‌ بازرگانی و پیشە‌سازییە‌کان و کارە‌کانی پە‌یوە‌ست بە‌ تە‌کنە‌لۆجیا و دروستکردنی پە‌یوە‌ندی لە‌نێوان دامودە‌زگاکانی وڵاتان و‌ تاوەکو‌ ئێستا زیاتر لە‌ ١٦٠ وڵات‌ لە‌لایە‌ن ئە‌‌م رێکخراوە‌ ناسێندراوە‌‌.

 

https://www.iso.org/obp/ui/#iso:code:3166:IQ