قوباد تاڵەبانی لەگەڵ باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق کۆبووەوە
ماتیۆ تولەر ستایشی هەوڵەکانی جێگری سەرۆک وەزیرانی کرد
قوباد تاڵەبانی داوایکرد رێککەوتنێکی نیشتمانی بكرێت
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق، -(GOV.KRD)- قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران لە هەولێر پێشوازیکرد لە ماتیۆ تولەر باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق و لە کۆبوونەوەی نێوانیاندا پەیوەندییەکانی نیوان هەرێمی کوردستان و ئەمریکا و پرۆسەی پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق و چەندین پرسی دیکە تاوتوێ کران.
لە کۆبوونەوەکەدا کە رۆژی دووشەمە ١٦ی ئایاری ٢٠٢٢ بەڕێوەچوو و تیایدا رۆبەرت پاڵەدینۆ کۆنسوڵی گشتی ئەمریکا لە هەرێمیش ئامادە بوو، قوباد تاڵەبانی ستایشی هەوڵەکانی ماتیۆ تۆلەری کرد کە لە ماوەی کارکردنیدا لە عێراق رۆڵی بەرچاوی هەبووە لە پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان عێراق و هەرێمی کوردستان لەگەڵ ئەمریکا و بەردەوام هاوکاری لایەنە عێراقییەکانی کردوە بۆ لێکنزیکردنەوەی بۆچوونەکانیان.
لە بەشێکی کۆبوونەوەکەدا تاوتوێی پڕۆسەی سیاسی عێراق و بەربەستەکانی بەردەم پێکهێنانی حکومەتی داهاتوو کرا و هەردوولا هاوڕابوون کە دەبێت لەڕێی گفتوگۆ و لێکتێگەیشتنەوە هەوڵی لێکنزیکردنەوەی بۆچوونی لایەنە جیاوازەکان بدرێت.
لەمبارەیەوە قوباد تاڵەبانی داوایکرد رێککەوتنێکی نیشتمانی بکرێت بۆ چارەسەرکردنی هەموو ئەو کێشانەی بەربەستن لەبەردەم پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق، بە جۆرێک کە رێککەوتنەکە لەسەر حیسابی هیچ لایەنێک نەبێت و پێویستیشە هەموو لایەنەکان ئاستی داواکارییەکانیان کەم بکەنەوە.
سەبارەت بە ناکۆکییەکانی ناو لایەنە کوردستانییەکانیش، جێگری سەرۆک وەزیران رایگەیاند کلیلی چارەسەری ناکۆکییەکان لەوەدایە لایەنەکان بەرژەوەندی هەرێمی کوردستان بخەنە پێش بەرژەوەندییە حیزبی و کەسییەکانەوە.
لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا تاوتوێی بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی کرا سەبارەت بە نەوت و گازی هەرێمی کوردستان و لەمبارەشەوە قوباد تاڵەبانی جەختی کردەوە کە دەکرێت هەر ئەم بڕیارە بکرێتە دەرفەتێک بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێم و بەغدا و دەرچوواندنی یاسای نەوت و گاز لە پەرلەمانی عێراق.
هەر لە کۆبوونەوەکەدا باڵیۆزی ئەمریکا نیگەرانی خۆی دەربڕی کە لە ماوەی رابردوودا رێژەی تاوان لە هەرێمی کوردستان زیادی کردوە و ستایشی هەوڵەکانی جێگری سەرۆک وەزیرانیشی کرد کە جدییە لەسەر کەمکردنەوەی رێژەی تاوان و دەستگیرکردن و بەسزاگەیاندنی تاوانباران.