قوباد تاڵەبانی لەگەڵ کەسوکارى سەربەرزی شەهیدان و ئەنفالکراوان كۆبووەوە
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق، -(GOV.KRD)- قوباد تاڵەبانی جێگرى سەرۆکی ئەنجومەنى وەزیران، ئەمرۆ دوو شەممە 16ى ئایارى 2022، بەئامادەبوونی عەبدوڵا حاجی محمود وەزیری کاروبارى شەهیدان و ئەنفالکراوان پێشوازی کرد لە ژمارەیەک لە کەسوکارى سەربەرزی شەهیدان و ئەنفالکراوان.
لەو دیدارەدا گفتوگۆکرا لەبارەى هەندێ داواکارى رەوای کەسوکارى شەهیدان و ئەنفالکراوان بەتایبەت پرسی هێنانەوەى رووفاتی پیرۆزی ئەنفالکراوان، سەربارى تاوتوێکردنی دۆزینەوەى میکانیزمێکی گونجاو بۆ پرسی چۆنێتی ئەنجامدانی پشکنینی DNA بۆ کەسوکارى شەهیدان و ئەنفالکراوان بەمەبەستی ناساندنەوە و هێنانەوەى رووفاتی پیرۆزی ئەنفالکراوان.
قوباد تاڵەبانی جێگرى سەرۆکی ئەنجومەنى وەزیران جەختیكردەوە كە پشتیوانی داوا رەواکانیانە و داواشی لە وەزارەتی شەھیدان كرد بۆ لەمەولا نوێنەری رێكخراوەكانی تایبەت بە پرسی شەھیدان و ئەنفالكراوان و نوێنەری كەسوكاری ئەنفالكراوان بەشدار بن لە پروسەی ھەڵدانەوە و ھێنانەوەی روفاتەكانی ئەنفالكراوان بۆ زێدی خۆیان.