قوباد تاڵەبانی لەگەڵ لیژنەی رووبەڕووبونەوەی زیادەڕەوی بۆ سەر موڵک و ماڵی گشتی لەسلێمانی کۆبووەوە
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران ئەمڕۆ یەک شەممە ٢٢ی ئایاری ٢٠٢٢ سەردانی سەرۆکایەتی شارەوانی سلێمانی کرد و بەئامادەبوونی لەیلا عومەر سەرۆكی شارەوانی، لەگەڵ لیژنەی ڕووبەڕووبونەوەی زیادەڕەوی بۆ سەر موڵک و ماڵی گشتی لەسلێمانی کۆبۆوە.
لەکۆبونەوەکەدا وێڕای ستایشکردنی کاروبارەکانی رابردوویان لەپرسی رووبەڕووبوونەوەی زیادەڕەویی لە سنوری سلێمانی، گفتوگۆ لەبارەی ئەو پڕۆژانەی بواری وەبەرهێنان کرا کەزەوییان وەرگرتووە و بەشێكی زیادەڕەویە، لەوبارەیەوە بڕیاردرا کەکۆبونەوە لەگەڵ خاوەنی ئەو پڕۆژانەدا ئەنجام بدرێت بۆ چارەسەری ئەو گرفتانە.
قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران رایگەیاند: دەبێ بەهەموو شێوازێک رێگری بکرێت لەهەر زیادەڕەوییەک بۆ سەر موڵک و ماڵی گشتی و پشتیوانی خۆی بۆ هەنگاوەکانی لیژنەکە دووپات کردەوە.
دواتر لیژنەی رووبەڕوبوونەوەی زیادەڕەوییەکان نەخشەی هەموو ئەو زیادەڕەوییانەی نمایش کرد کە پۆلێنی ئەو زیادەڕەوییانەی تێدا خراونەتەڕوو لە سنوری پارێزگای سلێمانی بەمەبەستی چارەسەرکردنیان.