Skip to the content

قوباد تاڵەبانی لەگەڵ لیژنەی رووبەڕووبونەوەی زیادەڕەوی بۆ سەر موڵک و ماڵی گشتی لەسلێمانی کۆبووە‌وە‌

هەولێر، هەرێمی کوردستان،  عێراق (GOV.KRD)- قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران ئەمڕۆ یەک شەممە ٢٢ی ئایاری ٢٠٢٢ سەردانی سەرۆکایەتی شارەوانی سلێمانی کرد و بەئامادەبوونی لەیلا عومەر سە‌رۆكی شارە‌وانی، لەگەڵ لیژنەی ڕووبەڕووبونەوەی زیادەڕەوی بۆ سەر موڵک و ماڵی گشتی لەسلێمانی کۆبۆوە‌.

لەکۆبونەوەکەدا وێڕای ستایشکردنی کاروبارەکانی رابردوویان لە‌پرسی رووبە‌ڕووبوونە‌وە‌ی زیادەڕەویی لە‌ سنوری سلێمانی، گفتوگۆ لەبارەی ئەو پڕۆژانەی بواری وەبەرهێنان کرا کەزەوییان وەرگرتووە و بە‌شێكی زیادەڕەویە‌، لەوبارەیەوە بڕیاردرا کەکۆبونەوە لەگەڵ خاوەنی ئەو پڕۆژانەدا ئەنجام بدرێت بۆ چارەسەری ئەو گرفتانە.

قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران رایگەیاند: دەبێ بەهەموو شێوازێک رێگری بکرێت لەهەر زیادەڕەوییەک بۆ سەر موڵک و ماڵی گشتی و پشتیوانی خۆی بۆ هەنگاوەکانی لیژنەکە دووپات کردەوە.

دواتر لیژنەی رووبەڕوبوونەوەی زیادەڕەوییەکان نەخشەی هەموو ئەو زیادەڕەوییانەی نمایش کرد کە پۆلێنی ئەو زیادەڕەوییانەی تێدا خراونەتەڕوو لە سنوری پارێزگای سلێمانی بەمەبەستی چارەسەرکردنیان.