Skip to the content

حکومەتی ئۆسترالیا هاوکاری هەرێم دەکات لە بەرەنگاربوونەوەی قەیرانە ژینگەییەکان

هەولێر، هەرێمی کوردستان (GOV.KRD)- قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران لە کۆبوونەوەی لەگەڵ پاوڵا گانلی باڵیۆزی ئۆسترالیا لە عێراق تاوتوێی چەند پلانێکی هاوبەشیان کرد بۆ بەرەنگاربوونەوەی کێشە ژینگەییەکان و ئاسایشی ئاو و قەیرانی وشکەساڵی.
کۆبوونەوەکە کە رۆژی چوارشەمە ٥ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٢ بەڕێوەچوو، تایبەت بوو بە تاوتوێکردنی چۆنییەتی بەرەنگاربوونەوەی کێشە ژینگەییەکان کە جێی گرنگیدانی هەردوولایە. هەردوولا جەختیان کردەوە لەسەر پێویستی کاری هاوبەش بۆ دانانی پلانی گونجاو بۆ پاراستنی ژینگە و پاراستنی ئاسایشی ئاو و بەرەنگاربوونەوەی قەیرانی وشکەساڵی لە عێراق و هەرێمی کوردستان.
لە کۆبوونەوەکەدا بڕیاردرا حکومەتی ئۆسترالیا کۆمەڵێک پسپۆڕ بنێرێتە هەرێمی کوردستان تا هاوکاری حکومەتی هەرێم بکەن لە دانان و جێبەجێکردنی ستراتیژی گونجاو لە بوارەکانی ژینگە و ئاسایشی ئاو و بەرەنگاربوونەوی وشکەساڵی. بڕیاریش درا بۆ هەمان مەبەست لە داهاتوویەکی نزیکدا چەند کۆمپانیەکی تایبەتمەندی ئۆسترالی سەردانی هەرێمی کوردستان بکەن.