قوباد تاڵەبانی: راوێژکارە ئەڵمانییەکان رۆڵێکی گرنگیان هەیە لە هاوکاریکردنی حکومەت بۆ پێشخستنی پڕۆسەی چاکسازی
هەولێر، هەرێمی کوردستان (GOV.KRD)- قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران لە کۆبوونەوەی لەگەڵ مارتن یێگە باڵیۆزی ئەڵمانیا لە عێراق، ستایشی رۆڵی راوێژکارە ئەڵمانییەکانی کرد لە هاوکاریکردنی حکومەتی هەرێم بۆ بەرەوپێشبردنی پرۆسەی چاکسازی لە دامەزراوەکانی حکومەتدا.
لە کۆبوونەوەکەدا کە رۆژی ١٠ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٢ بەڕێوەچوو و تیایدا کڵاوس شتخایشە کۆنسوڵی گشتیی نوێی ئەڵمانیا لە هەرێمی کوردستانیش ئامادەی بوو، قوباد تاڵەبانی پیرۆزبایی لە کۆنسوڵی نوێی ئەڵمانیا کرد بەبۆنەی دەستبەکاربوونییەوە و هیوای سەرکەوتنی بۆ خواست لە ئەرکەکەیدا.
لە تەوەرێکی کۆبوونەوەکەدا جێگری سەرۆک وەزیران لەگەڵ ستایشی رۆڵی راوێژکارە ئەڵمانییەکان، داوایکرد پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و ئەڵمانیا لە هەموو روویەکەوە و بە تایبەتیش لەڕووی بازرگانییەوە بەرەوپێشچوونی زیاتر بە خۆیەوە ببینێت و ئامادەیی حکومەتی هەرێمیشی دووپات کردەوە بۆ کارئاسانیکردن بۆ کۆمپانیا و وەبەرهێنەرە ئەڵمانییەکان کە لە هەرێمی کوردستان وەبەرهێنان بکەن.
لەم چوارچێوەیەدا باڵیۆزی ئەڵمانیا رایگەیاند وڵاتەکەی بەردەوام دەبێت لە هاوکارییەکانیان و لە نزیکەوە کاردەکەن لەگەڵ حکومەتی هەرێم بۆ بەرەوپێشبردنی پرۆسەی چاکسازی لە وەزارەتی پێشمەرگە و رێکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە.
لە بەشێکیتری کۆبوونەوەکەدا تاوتوێی دۆخی سیاسی عێراق کرا و هەردوولا هاوڕابوون پێویستە کورد بە یەکگرتوویی بەشداربێت لە پێکهێنانی حکومەتی داهاتووی عێراقدا بۆ ئەوەی باشتر بتوانرێت داکۆکی لە مافە دەستورییەکانی هەرێمی کوردستان بکرێت.