قوباد تاڵەبانی هیوای خواست بەر لە کۆبوونەوەی داهاتووی پەرلەمان لایەنەکان بتوانن ناکۆکییەکانی نێوانیان چارەسەر بکەن
هەولێر، هەرێمی کوردستان (GOV.KRD)- قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران لە کۆبوونەوەی لەگەڵ ئێریک شۆڤالییێ باڵیۆزی فەڕەنسا دواین پەرەسەندنەکانی پرۆسەی سیاسی عێراقیان تاوتوێ کرد و هیوای خواست بەر لە کۆبوونەوەی داهاتووی پەرلەمان لایەنەکان بتوانن ناکۆکییەکانی نێوانیان چارەسەر بکەن.
لە کۆبوونەوەکەدا کە رۆژی سێ شەمە ١١ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٢ بەڕێوەچوو و تیایدا ئۆلیڤیێ دیکۆتینی کۆنسوڵی گشتیی فەڕەنسا لە هەرێم ئامادەی بوو، هەردوولا هاوڕابوون لەسەر ئەوەی لایەنە لەپێناو سەقامگیری عێراقدا پێویستە سازش بۆ یەکتر بکەن و ئاستی داواکارییەکانیان کەم بکەنەوە. جێگری سەرۆک وەزیران جەختی کردەوە لەسەر پاراستنی یەکڕیزی نێوان لایەنە کوردستانییەکان تا بتوانن بە یەکەوە باشتر داکۆکی لە مافە دەستورییەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستان بکەن.
لە تەوەرێکیتری کۆبوونەوەکەدا باس لە بۆردومانەکانی ئێران و تورکیا کرا و قوباد تاڵەبانی داوایکرد وڵاتی فەڕەنسا لەڕێی کەناڵە دیپلۆماسییەکانەوە رۆڵی زیاتر ببینێت لە پاراستنی سەقامگیری هەرێمی کوردستان.