قوباد تاڵەبانی و کۆنسوڵی ئەمریکا لەسەر چۆنییەتی پشتگیریکردنی چالاکییە کلتوری و هونەرییەکان لە سلێمانی کۆبوونەوە
هەولێر، هەرێمی کوردستان (GOV.KRD)- قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران لە کۆبوونەوەی لەگەڵ ئێرڤن هیکس کۆنسوڵی گشتیی ئەمریکا تاوتوێی چەند پلانێکی هاوبەشیان کرد بۆ چۆنییەتی پشتگیریکردنی چالاکییە هونەری و کلتورییەکانی پایتەختی رۆشنبیری هەرێمی کوردستان.
لە دەستپێکی کۆبوونەوەکەدا کە رۆژی سێ شەمە ١٨ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٢ بەڕێوەچوو، جێگری سەرۆک وەزیران ئاماژەی دا بە پێگەی مێژوویی سلێمانی لە بواری رۆشنبیری و هونەری و کلتوریدا و ڕوونیکردەوە کە بۆچی گرنگە لەم قۆناغەدا زیاتر پشتگیری لە چالاکییە کلتوری و هونەرییەکان لە سلێمانیدا بکرێت.
لە بەشێکی کۆبوونەوەکەدا تاوتوێی چەند پلان و بیرۆکەیەک کرا کە ئەمریکا و حکومەتی هەرێم پێکەوە کار بکەن بۆ پەرەپێدانی چالاکییە کلتوری و هونەرییەکان لە کوردستان بە گشتی و لە سلێمانی بە تایبەتی. هەر لەم چوارچێوەیەدا ئاماژە بە پرۆگرامەکانی ئەمریکا کرا کە زیاتر لە ١٨ پرۆگرامیان هەیە بۆ ئاڵوگۆڕی تواناکان و تاوتوێی ئەوەکرا کە چۆن کەڵک لەهەندێ لەو پڕۆگرامانە وەربگیرێت بۆ پەرەپێدانی چالاکییە کلتورییەکان لە سلێمانی.
لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا باسی بەهێزکردنی پەیوەندییە هونەری و کلتورییەکانی نێوان کوردستان و ئەمریکا کرا و هەردوولا هاوڕابوون پێکەوە کاربکەن بۆ دروستکردنی پردێک بۆ پەیوەندیی لەنێوان هونەرمەندانی کوردستان و ئەمریکا.
لە تەوەرێکیتری کۆبوونەوەکەدا قوباد تاڵەبانی باسی لە گرنگی بە پیشەیی کردنی هونەر کرد لە کوردستان تا هونەرمەندانی کوردستان مافیان پارێزراوبێت و بتوانن ژیان و گوزەرانیان لەڕێی بەرهەمە هونەرییەکانی خۆیانەوە دابین بکەن. لەمبارەیەوە داوایکرد ئەمریکا یارمەتی حکومەتی هەرێم بدات لە بە پیشەیی کردنی هونەر لە کوردستان.