پاکستان خوێندنگەیەکی تایبەت بە میوانداری و خزمەتگوزاری گەشتیاری لە سلێمانی دەکاتەوە
هەولێر، هەرێمی کوردستان (GOV.KRD)- لە کۆبوونەوەی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران لەگەڵ ئەحمەد ئەمجەد عەلی باڵیۆزی پاکستان رێککەوتن کرا لەسەر؛ کردنەوەی خوێندنگەیەکی تایبەت بە میوانداری و خزمەتگوزاری گەشتیاری لە سلێمانی.
لە کۆبوونەوەکەدا کە رۆژی یەکشەمە ١٦ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٢ لە سلێمانی بەڕێوەچوو، لێکتێگەیشتن کرا کە پسپۆڕانی پاکستانی لەگەڵ حکومەتی هەرێم کاربکەن بۆ بە ئەلیکترۆنی کردنی سیستمی بانکی لە هەرێمی کوردستان و بەشێک لە دامەزراوەکانی حکومەتی هەرێم.
هەر لە کۆبوونەوەکەدا تاوتوێی پڕۆژەی خزمەتی حکومەتی هەرێم کرا کە قوباد تاڵەبانی خۆی سەرپەرشتی دەکات و لەمبارەیەشەوە لێکتێگەیشتن کرا پاکستان هاوکاری حکومەتی هەرێم بکات بۆ پەرەپێدانی پڕۆژەی خزمەت کە هەنگاوێکی بنەڕەتییە بۆ دروستکردنی حکومەتی ئەلیکترۆنی لە کوردستان و کەمکردنەوەی رۆتین.
لە بەشێکیتری کۆبوونەوەکەدا باس لە پرۆسەی سیاسی عێراق کرا و تیایدا باڵیۆزی پاکستان پیرۆزبایی کرد بەبۆنەی هەڵبژاردنی دکتۆر لەتیف رەشید بە سەرۆک کۆماری عێراق و هیوای خواست قۆناغێکی نوێی سیاسی لە عێراق دەست پێ بکات و حکومەتی داهاتووی عێراق بتوانێت لە ئاستی چاوەڕوانییەکانی هەموو خەڵکی عێراقدا بێت.
هەر لە کۆبوونەوەکەدا تاوتوێی چۆنییەتی پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی پاکستان کرا و هەردوولا خواستی خۆیان دەربڕی کە پێکەوە کاربکەن لە هەموو بوارەکاندا پەیوەندییەکانیانی نێوانیان بەهێزتر بکەن.