Skip to the content

رێنمایی کارکردنی کرێکاری بیانی لە هەرێمی کوردستان هەمواردەکرێتەوە

قوباد تاڵەبانی: کریکاری بیانی شوێنگرەوەی کرێکاری ناوخۆیی نابێت

هەولێر، هەرێمی کوردستان (GOV.KRD)- قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران سەرپەرشتی کۆبوونەوەیەکی تایبەتی کرد لەبارەی هەمووارکردنەوە و رێکخستنەوەی رێنمایی کارکردنی کرێکاری بیانی لە هەرێمی کوردستان و رایگەیاند؛ نابێت دەستی کاری بیانی شوێنگرەوەی دەستی کاری ناوخۆیی بێت و بۆ رەخساندنی هەلی کار ئەولەویەت بە کرێکاری ناوخۆیی بدرێت.

لەکۆبوونەوەکەدا کە رۆژی چوارشەممە ٢٨ی ئەیلولی ٢٠٢٢ بەڕێوەچوو و وەزیری پلاندانان و سەرۆکی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون و نوێنەری وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی ئامادەی بوون، گفتوگۆ کرا لەبارەی چۆنییەتی هەموارکردنەوەی رێنمایی کارکردنی کرێکاری بیانی و رێکخستنەوەی کارکردنی کرێکاری بیانی لە کەرتی تایبەتدا کە ئامانج لێی رەخساندنی هەلی کاری زیاترە بۆ کرێکاری ناوخۆیی و لەگەڵ ئەوەش بوونی کرێکاری بیانی رێکبخرێتەوە بە شێوەیەکی یاسایی.

قوباد تاڵەبانی جەختی کردەوە لە هەمواری رێنماییەکەدا ئەولەویەت دەدرێت بەدەستی کاری ناوخۆیی و خاوەن کارەکان تەنها لەکاتی نەبوونی کرێکاری ناوخۆیی دەتوانن کرێکاری بیانی دابمەزرێنێت.

لەو کۆبوونەوەدا باس لە چۆنییەتی پاراستنی مافی کرێکاری بیانی و پاراستنی هەموو تایبەمەندییەکانیان کرا بەپیی پێوەرە نێودەوڵەتییەکان و یاسا بەرکارەکانی هەرێمی کوردستان.