قوباد تاڵەبانی: بنەبڕکردنی توندوتیژی دژی ژنان پێویستی بە چارەسەری ریشەیی و هاوکاری حکومەت و کۆمەڵگای مەدەنی هەیە
هەولێر، هەرێمی کوردستان (GOV.KRD)- لەچوارچێوەی هەڵمەتەکەیدا بۆ بنبڕکردنی توندوتیژی دژی ژنان، قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیران رۆژی دووشەمە ١٢ی ئەیلولی ٢٠٢٢، سەردانی هەردوو وەزارەتی کارو کاروباری کۆمەڵایەتی و وەزارەتی رۆشنبیری و لاوانی کرد.
لە یەکەم سەردانیدا لەگەڵ وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی و بەڕێوەبەرانی شێڵتەرەکان و بەشی جێندەری وەزارەت کۆبووەوە و تاوتوێی چۆنییەتی بنبڕکردنی توندوتیژی و رێکخستنەوەی کاروباری شێڵتەرەکانیان کرد.
قوباد تاڵەبانی ئاماژەی بەوەدا نەهێشتنی توندوتیژی پێویستی بە چارەسەری ریشەیی و هەماهەنگی و هاوکاری حکومەت و کۆمەڵگای مەدەنی هەیە. راشیگەیاند: یاساکان و رێنماییەکان دەبێت بەجۆرێک رێکبخرێنەوە کە ئاسانکاری بکەن بۆ بەرگرتن بە توندوتیژی و راپەڕاندنی کاروباری شێڵتەرەکان. بۆ ئەو مەبەستەش پێشنیار کرا سوود لە رێکخراوەکان ببینرێت بۆ داڕشتنی میکانیزمێکی گۆنجاوی کارکردن.
لە کۆبوونەوەکەدا بەرپرسانی شێڵتەرەکان تێبینی و گرفتەکانی خۆیان خستەڕوو و بڕیاردرا بەپێی پێویست چارەسەری کێشەکانیان بکرێت. جێگری سەرۆک وەزیرانیش جەختی کردەوە هاوکاری شێڵتەرەکان دەبێت و ڕێگری دەکات لە هەر دەستتێوەردانێک کە کێشە و گرفت بۆ شێڵتەرەکان دروست بکات.
دواتر سەردانی وەزارەتی رۆشنبیری و لاوانی کرد و لەگەڵ وەزیر و بەرپرسانی وەزارەت گفتۆگۆیان کرد لەبارەی چۆنییەتی مامەڵە کردن لەگەڵ کەیسەکانی توندوتیژی و بەتایبەتیش لە کەناڵەکانی راگەیاندن، هەروەها چۆنییەتی بڵاوکردنەوەی هوشیاری کۆمەڵایەتی لەڕێی میدیا و لایەنە پەیوەندیدارەکانی دیکەوە تاوتوێ کرا.
لە کۆبوونەوەکەدا راپۆرتێک لەبارەی پرسی توندوتیژی دژ بە ژنان خرایەڕوو کە کۆمەڵێک گرفت و راسپاردەی لەخۆ گرتبوو. پاش گفتوگۆیەکی ورد، جەخت لەسەر چەند خاڵێک کرایەوە لەوانە؛ هەموارکردنەوەی یاساکان و توندکردنی سزاکان و قەدەغە کردنی چەک و ئەنجامدانی هەڵمەتی هوشیاری و پێویستیی هەماهەنگی کەناڵەکانی راگەیاندن لەگەڵ دامەزراوەکانی حکومەت و رێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی.
هەر لە چوارچێوەی ئەو هەڵمەتەدا، پێشتر قوباد تاڵەبانی سەردانی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئاینی کردبوو و لەگەڵ یەکێتی زانایانی ئایینی کۆبووەوە و داوای لێکردن لەڕێی مینبەرەکانیانەوە بەشدار بن لە بەرەنگاربوونی توندوتیژی دژی ژنان. هەروەها سەردانی بەڕێوبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندو تیژی دژی ئافرەتان و خێزان کردوە و بڕیاریشە بۆ هەمان مەبەست سەردانی چەند وەزارەتێک و لایەنە پەیوەندیدار بکات.