Skip to the content

قوباد تاڵەبانی: بە ئیمزاکردنی یاداشتی لێکتێگەیشتنی سەربازی قۆناغێکی نوێ لە پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی هەرێم و ئەمریکا دەست پێدەکات

هەولێر، هەرێمی کوردستان (GOV.KRD)-  قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران لە کۆبوونەوەی لەگەڵ سێلێست واڵندەر یاریدەرەی وەزیری بەرگری ئەمریکا بۆ کاروباری ئاسایشی نێودەوڵەتی رایگەیاند: ئیمزاکردنی یاداشتی لێکتێگەیشتن لە نێوان وەزارەتی بەرگری ئەمریکا و وەزارەتی پێشمەرگە وێستگەیەکی گرنگی دیکەیە لە پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و ئەمریکادا.

لە کۆبوونەوەکەدا کە رۆژی چوارشەمە ٢١ی ئەیلولی ٢٠٢٢ لە هەولێر بەڕێوەچوو و تیایدا باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق و کۆنسوڵی ئەو وڵاتە لە هەرێم ئامادەی بوون، گفتوگۆکرا لەبارەی پرۆسەی چاکسازییەکان لە وەزارەتی پێشمەرگە و جەختکرایەوە لەسەر پێویستیی بەهێزکردنی هێزی پێشمەرگە وەک هێزێکی نیشتمانی.

لەمبارەیەوە قوباد تاڵەبانی رایگەیاند: حکومەتی هەرێمی کوردستان بەردەوام دەبێت لە چاکسازییەکانی لە وەزارەتی پێشمەرگە تا ئەوکاتەی هێزی پێشمەرگە بە تەواوەتی دەبێتە هێزێکی تۆکمەتر و رێکخراوتر. ستایشی ئەمریکاشی کرد بۆ هەماهەنگی و هاوکارییەکانی بۆ هێزی پێشمەرگەی کوردستان.

لە تەورێکیتری کۆبوونەوەکەدا تاوتوێی چۆنییەتی پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و ئەمریکا کرا و هەردوولا هاوڕابوون لەسەر گرنگی هاوپەیمانی نێوان کورد و ئەمریکا و بەهێزترکردنی هاوپەیمانێتییەکە. جێگری سەرۆک وەزیران بە گرنگییەوە باسی لە ئیمزاکردنی یاداشتی لێکتێگەیشتنی نێوان وەزارەتی بەرگری ئەمریکا و وەزارتی پێشمەرگە کرد و ئاماژەی بەوەشدا ئەم لێکتێگەیشتنەی ئەمڕۆ ئیمزا کرا کاریگەری گرنگی دەبێت لەسەر بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری هەرێمی کوردستان و عێراق.

ئەمڕۆ یاداشتێکی لێکتێگەیشتن لەنێوان وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا لەگەڵ وەزارەتی پێشمەرگە واژۆکرا.