قوباد تاڵەبانی: بە داخەوە زۆرجار کێشە سیاسییەکان بە شەخسی دەکرێن و بەرژەوەندییە باڵاکان لەبەرچاو ناگیرێن
هەولێر، هەرێمی کوردستان (GOV.KRD)- قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران لەگەڵ هۆلزئابفل باڵیۆزی ئەڵمانیا بەوەکالەت لە عێراق کۆبووەوە و لەکۆبوونەوەی نێوانیاندا دۆخی سیاسی عێراق و چۆنییەتی پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و وڵاتی ئەڵمانیا تاوتوێ کرا.
لە تەوەری سەرەکی کۆبوونەوەکەدا کە رۆژی چوارشەمە ٧ی ئەیلولی ٢٠٢٢ بەڕێوەچوو، باس لە دواین پێشهاتە سیاسییەکانی عێراق کرا و هەردوولا هاوڕابوون بۆ دەربازبوونی عێراق لەو قەیرانە سیاسییە مەترسیدارەی تێیکەوتووە پێویستە لایەنە عێراقییەکان نەرمی بنوێن و لەڕێی گفتوگۆی نیشتمانییەوە کێشەکانی نێوانیان چارەسەر بکەن.
هەر لەم چوارچێوەیەدا جێگری سەرۆک وەزیران رایگەیاند بە داخەوە زۆرجار لە عێراق و هەرێمی کوردستانیش کێشە سیاسییەکان دەکرێنە پرسێکی شەخسی و بەرژەوەندییە باڵاکان لەبەرچاو ناگیرێن، بەمەش ناکۆکییەکان قوڵتر دەبێتەوە و چارەسەریش قورستر دەبێت. جەختیشی کردەوە بۆ ئەوەی لەوە زیاتر وڵات بەرەو ناسەقامگیری نەڕوات پێویستە لایەنە عێراقییەکان ئاستی داواکاراییەکانیان کەمتر بکەنەوە.
سەبارەت بە پەیوەندیی نێوان لایەنە کوردستانییەکانیش، قوباد تاڵەبانی باسی لەوەکرد لەم دۆخەدا کە عێراق بە دەست قەیرانێکی قوڵی سیاسییەوە دەناڵێنێت، زیاتر لە هەرکاتێکیتر پێویستە هەموو لایەنە کوردییەکان لێکنزیک ببنەوە و هەوڵ بدەن لەسەر بنەمای بەرژەوەندییە باڵاکانی گەلی کوردستان سیاسەت و گوتارێکی یەکگرتوویان هەبێت بۆ ئەم دۆخە نوێیە سیاسییەی لە عێراقدا هاتووەتە ئاراوە.
لە بەشێکیتری کۆبوونەوەکەدا باسی چاکسازییەکانی حکومەتی هەرێم و بە تایبەتیش چاکسازییەکان لە وەزارەتی پێشمەرگە کرا، جێگری سەرۆک وەزیران سوپاسی راوێژکارەکانی ئەڵمانیای کرد کە لە چەند ساڵی رابردوودا لە نزیکەوە هاوکاری حکومەتی هەرێمی کوردستان و ئۆفیسی جێگری سەرۆک وەزیرانیان کردوە و هیوای خواست ئەم هاوکارییانە بەردەوام بن.
قوباد تاڵەبانی داواشیکرد بۆ لەمەودوا هاوکارییەکان و پڕۆژەکانی حکومەتی ئەڵمانیا تەنها لە شارە گەورەکان نەبێت، بەڵکو شارۆچکە و قەزا و ناحییەکانیش بگرێتەوە و زیاتر هاوکاری کۆمەڵگای مەدەنی لە قەزا و ناحییەکان بکرێت.