قوباد تاڵەبانی: ژنکوژان دەرباز نابن لە سزای یاسایی
هەولێر، هەرێمى کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- لەمیانەی هەڵمەتەکەی بۆ بەرنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان، قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران بە هەردوو وەزارەتی داد و ناوخۆی راگەیاند؛ هیچ بیانویەک نییە بۆ ئەنجامدانی توندوتیژی دژی ژنان و ژنکوژانیش دەرباز نابن لە سزای یاسایی.
یەکەم وێستگەی سەردانەکەی ئەمڕۆ ١٩-٩ بۆ وەزارەتی داد بوو و لە کۆبوونەوەی لەگەڵ وەزیری داد و بریکار و بەرپرسانی وەزارەتەکە، قوباد تاڵەبانی جەختی لەوە کردەوە کە؛ کەس لەسەرووی یاساوە نییە و هیچ بیانویەک نییە بۆ ئەنجامدانی توندوتیژی دژی ژنان و ژنکوژانیش دەرباز نابن لە سزای یاسایی.
لەو کۆبوونەوەیەدا باس لە هۆکارەکانی هەڵکشانی تووندوتیژی دژی ژنان کرا و چۆنییەتی رێگری کردن لەو هەڵکشانە لەڕێی یاسا بەرکارەکان و چۆنییەتی هەموارکردنەوەی یاساکانیش تاوتوێ کران.لە بەشێکیتری کۆبوونەوەکەدا قوباد تاڵەبانی جەختی لە گرنگی هەماهەنگی نێوان وەزارەت و لایەنە پەیوەندیدارەکان کردەوە بۆ ئەوەی ئاسانتر بتوانرێت رێگری بکرێت لە ئەنجامدانی تاوان و بەسزاگەیاندنی تاوانباران.
لە کۆبوونەوەی دووەمدا لەگەڵ وەزیر و بریکار و بەرپرسانی وەزارەتی ناوخۆ، ئامار و داتاکانی ئەنجامدانی تاوان دژی ژنان خرایەڕوو و ئەو هەڵکشانەش کە بەدی کرا لە ئامارەکان بە زەنگێکی مەترسیدار ناو برا.
جێگری سەرۆک وەزیران لایەنە ئەمنییەکانی راسپارد کە؛ چاوکراوەتر لە جاران رێگری بکەن لە ئەنجامدانی تاوان و بۆ ئەو مەبەستەش پشتگیری تەواوی خۆی بۆ دووپات کردنەوە. ڕاشیگەیاند هەر تاوانبارێک، لە هەر پلە و پۆستێکدا بێت، چاوپۆشی لێناکرێت.
قوباد تاڵەبانی داواشی کرد لایەنە ئەمنییەکان لە پارێزگاکانی هەرێم هەماهەنگ بن و لەگەڵ لایەنە ئەمنییەکانی عێراقیش هاوکاربن تاوەکو هیچ تاوانبارێک نەتوانێت دەرباز بێت لە سزای یاسایی.