Skip to the content

لەماوەی یەک هەفتەدا مامەڵەی یاسایی زیاتر لە ٥٠ پڕۆژەی وەبەرهێنان تەواوکرا

هەولێر، هەرێمی کوردستان (GOV.KRD)- قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران لەگەڵ ئەنجومەنی شارەوانی سلێمانی کۆبووەوە و جگە تەواوبوونی مامەڵەی یاسایی زیاتر لە ٥٠ پڕۆژەی وەبەرهێنان، بڕیاردرا لەسەر جێبەجێکردنی هەردوو پڕۆژەی گەشتیاری چەمی قلیاسان- چەقچەق و پڕۆژەی نمونەیی گەشتیاری شاخی گۆیژە.
کۆبوونەوەکە کە رۆژی یەکشەمە ١١ی ئەیلولی لە شارەوانی سلێمانی بەڕێوەچوو و زیاتر لە چوار کاتژمێری خایاند، دوای کۆبوونەوەی رۆژی ٤ی ئەیلولی قوباد تاڵەبانی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتییەکانی سلێمانی دێت کە تیایدا بەڕێوبەرایەتییەکان راسپێردرابوون لە ماوەی هەفتەیەکدا کارەکانی زیاتر لە ٥٠ پڕۆژەی وەبەرهێنان تەواو بکەن.
لە تەوەری یەکەمی کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆکرا لەبارەی دۆخی خزمەتگوزارییەکان لە شاری سلێمانی و هەڵسەنگاندنیش کرا بۆ کارەکانی یەک هەفتەی رابردووی بەڕێوەبەرایەتییەکانی سلێمانی کە دەرکەوت لە ماوەی یەک هەفتەدا مامەڵەی زیاتر لە ٥٠ پڕۆژەی وەبەرهێنان تەواوبووە و هەروەها سایدپلانی زۆربەی پڕۆژەکانیش تەواوکراوە و بەزوویی دەکەونە بواری جێبەجێ کردنەوە.
جێگری سەرۆک وەزیران وێڕای دەستخۆشی کردن لە بەڕێوەبەرایەتییەکان کە ئەرکەکانیان بە باشی راپەڕاندووە، داواشی لێکردن بۆ لەمەودواش بەردەوامبن لەسەر ئەم هەماهەنگییەی لەنێوان بەڕێوەبەرایەتی و فەرمانگەکاندا دروست بووە با چیتر مامەڵەی وەبەرهێنەران و هاوڵاتیان بەهۆی رۆتین و نەبوونی هەماهەنگیی لەنێوان دامودەزگاکانی حکومەتدا دوانەکەوێت.
هاوکات رەخنەی لە بەڕێوەبەرایەتییەکان گرت کە بۆچی پێشتر بەم شێوەیە کارەکانیان خێرا و بەبێ رۆتین رانەپەڕاندووە و جەختیشی کردەوە بەردەوام دەبین لەسەر ئەو پرۆسەی دەستمان پێکردوە لە هاندان و سزادانی بەڕێوەبەران و بەرپرسان و ئەو تیمە چاودێرییەی پێکهێناوە بە بەردەوامی چاودێری هەڵسوکەوت و چۆنییەتی مامەڵەکردنی فەرمانگە و دامودەزگاکانی حکومەت لەگەڵ هاوڵاتیان دەکەن بۆ ئەوەی بزانرێت کێ کارئاسانی بۆ هاوڵاتیان دەکات و کێ گرفت و کێشە بۆ هاوڵاتیان دروست دەکات.
قوباد تاڵەبانی ئاماژەی بەوەشدا جێبەجێکردنی ئەم پڕۆژانەی کارەکانیان تەواوبووە رۆڵێکی باشی دەبێت لە بووژانەوەی ژێرخانی ئابوری سلێمانی و ژمارەیەکی بەرچاویش هەلی کار بۆ دانیشتوانی شارەکە دەڕەخسێنێت.
لە تەورێكی دیکەی کۆبوونەوەکەدا کە قوباد تاڵەبانی هاوکات وەک ئەندامێکی فەخری ئەنجومەنی شارەوانی تیایدا بەشداربوو، پڕۆژەی پێنج زۆنی گەشتیاری چەمی قلیاسان_ چەقچەق و پڕۆژەی گەشتیاری نمونەیی شاخی گۆیژە پەسندکرا، کە هەردووکیان پڕۆژەی ستراتیژی گەشتیاریین.
لەگەڵ ئەو دوو پڕۆژەیەدا چەندین پڕۆژەی دیکەش پەسندکران لەوانە چەند پڕۆژەیەکی نیشتەجێبوون بۆ فەرمانبەرانی حکومی لە سلێمانی و زەوی پێویستیشیان بۆ دابین کرا.