Skip to the content

قوباد تاڵەبانی و ڤیکتۆریا نۆڵاند کۆبوونەوە

قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیران لەگەڵ ڤیکتۆریا نوڵاند، جێگری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆ کاروباری سیاسی بەوەکالەت کۆبووەوە و لە کۆبوونەوەی نێوانیاندا چەند پرسی جێگەی بایەخی هەردوولا تاوتوێ کران.

لە کۆبوونەوەکەدا کە لە هەولێر بەڕێوەچوو، هەر یەکە لە ئەلینا رۆمانۆڤسکی، باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق و مارک سترۆ، کونسوڵی گشتی ئەمریکا لە هەرێم و شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگە و دارا رەشید، وەزیری پلاندانان و دابان شەدەڵە، جێگری لێپرسراوەی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی هەرێم ئامادەی بوون.

لە تەوەرێکی کۆبوونەوەکەدا باسی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق کرا. وەفدی ئەمریکا پیرۆزبایی بەڕێوەچوونی سەرکەوتووانەی هەڵبژاردنەکانیان کرد. لەمبارەیەوە جێگری سەرۆک وەزیران هیوای خواست بەپێی دەرەنجامی هەڵبژاردنەکان گۆڕانکاری لە شێوازی ئیدارەدانی کەرکوک بێتە ئاراوە و لە ئیدارەی داهاتوودا هیچ پەراوێزخستن و جیاوازیدانانێک نەمێنێت و وەک یەک خزمەتی هەموو پێکهاتەکان بکرێت.

لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا تاوتوێی دۆخی سیاسی و ئەمنی عێراق کرا. هەردوولا هاوڕابوون لەسەر گرنگی سەقامگیری سیاسی و ئەمنی کەئەمەش پێویستی بەهەموو لایەنەکانە.

لە تەوەرێکی دیکە باس لە دۆخی ئازادییەکان و کۆمەڵگای مەدەنی لە هەرێمی کوردستان کرا. هەردوولا جەختیان کردەوە لەسەر گرنگی باشترکردنی دۆخی ئازادی رادەربڕین و بەهێزترکردنی کۆمەڵگای مەدەنی لە کوردستان. لەمبارەیەوە قوباد تاڵەبانی ئاماژەی بەوەدا کە بەهێزبوونی کۆمەڵگای مەدەنی گرنگە بۆ گەشەسەندنی دیموکراسی و باشتربوونی دۆخی مافەکانی مرۆڤ لە هەرێمی کوردستان.