قوباد تاڵەبانی لەگەڵ باڵیۆزی تورکیا کۆبووەوە
قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران پێشوازیکرد لە عەلی رەزا گونەی باڵیۆزی تورکیا لە عێراق و لە کۆبوونەوەی نێوانیاندا چەند پرسێکی جێی بایەخی هەردوولا تاوتوێ کران.
لە کۆبوونەوەکەدا کە رۆژی سێ شەمە، ٢٨ی نۆڤەمبەری ٢٠٢٣ لە هەولێر بەڕێوەچوو و مەولود یاکوت کونسوڵی گشتیی تورکیا لە هەرێم و دابان شەدەڵە جێگری فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی هەرێم ئامادەی بوون، باسی دۆخی عێراق بە گشتی و پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و بەغدا بە تایبەتی کرا. لەمبارەیەوە جێگری سەرۆک وەزیران جەختی کردەوە لەسەر چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێم و بەغدا لەڕێی گفتوگۆوە و رایگەیاند یەکگرتوویی لایەنە سیاسییەکانی هەرێم و چارەسەرکردنی کێشە ناوخۆییەکان کاریگەری دەبێت لەسەر چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێم و بەغدا.
لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا تاوتوێی هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق و بە تایبەتیش هەڵبژاردنەکان لە کەرکوک کرا. هەردوولا هیوایان خواست هەڵبژاردنەکان لە کەشێکی ئارام و بێ کێشەدا بەڕێوەبچێت و ئەنجامەکەی لە بەرژەوەندی هەموو خەڵکی عێراقدا تەواو ببێت.
سەبارەت بە دۆخی کەرکوکیش، قوباد تاڵەبانی رایگەیاند لەم ساڵانەی دواییدا جیاوازی زۆر دەکرێت لەنێوان پێکهاتەکانی ئەو شارەدا و چارەسەر ئەوەیە لە دوای هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی پارێزگاکان، لە شێوازی بەڕێوەبردنی شارەکە بگەڕێینەوە بۆ پرەنسیپەکانی سەرۆک مام جەلال، بۆ ئەوەی کەرکوک ببێتە شارێکی نمونەیی بۆ پێکەوەژیانی ئاشتییانە لەنێوان سەرجەم پێکهاتەکاندا و هیچ لایەنێک هەست بە ستەم و نادادپەروەری و پەراوێزخراوی نەکات.
لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا باسی پرسی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم و کێشەی بەشە بودجەی هەرێم کرا.
لەمبارەیەشەوە، جێگری سەرۆک وەزیران هیوای خواست بە زوویی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم دەست پێ بکاتەوە. راشیگەیاند پێویستە لەنێوان هەرێم و بەغدا رێککەوتنێکی گشتگیر و درێژخایەن بکرێت کە تیایدا بەشی زۆری کێشەکانی نێوان هەردوولا چارەسەر بکرێت و کێشەی بودجەی هەرێم بەشێوەیەکی بنەڕەتی چارەسەر بکرێت.