قوباد تاڵەبانی لەگەڵ کونسوڵی گشتیی ئێران لە هەولێر کۆبووەوە
قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیران پێشوازی کرد لە نەسڕوڵڵا ڕەشنودی، کونسوڵی گشتیی کۆماری ئیسلامی ئێران لە هەولێر و پێکەوە چەند بابەتێکی جێی بایەخی هەردوولایان تاوتوێ کرد.
لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا کە رۆژی چوارشەمە، ٢٩ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٣، لە هەولێر بەڕێوەچوو، باس لە چۆنییەتی پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و ئێران بە تایبەت لەڕووی بازرگانییەوە کرا، لەو چوارچێوەیەشدا شێوازی چارەسەرکردنی گرفتەکانی بەردەم کاروبارەکانی کۆمپانیا ئێرانییەکان و ئاسانکاریکردن بۆیان تاوتوێ کران.
جێگری سەرۆک وەزیران ئاماژەی بەوەدا لە هەرێمی کوردستان دەرفەتی گەورە بۆ وەبەرهێنان لە بواری جیاوازدا هەیە و حکومەتی هەرێمیش کارئاسانی پێویست بۆ وەبەرهێنەرانی بیانی دەکات. لە بەرامبەریشدا کونسوڵی گشتی ئێرانیش ئامادەیی وڵاتەکەی نیشاندا بۆ کارئاسانیکردن بۆ بازرگانانی هەرێم و بەهێزترکردنی پەیوەندیی بازرگانی نێوان هەرێمی کوردستان و ئێران.
لەبەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆکرا لەبارەی کێشەکانی نێوان هەرێم و بەغدا. قوباد تاڵەبانی ئاماژەی بەوەکرد؛ هەوڵی جدی هەیە بۆ چارەسەرکردنی کێشەی موچە و بودجەی هەرێمی کوردستان و گفتوگۆکان لەوبارەیەوە بەردەوامن. وتیشی: بە لایەنی کەمەوە دەبێت بە خێرایی لەسەر چارەسەرکردنی کێشەی موچە رێکبکەوین و پێویستە ئەو تێگەیشتنە لە بەغدا دروست ببێت کە نابێت پرسی موچە تێکەڵ بە کێشەکانی دیکەی نێوان هەرێم و بەغدا بکرێت.
لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا باسی هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق و بە تایبەتیش لە کەرکوک کرا. هەردوولا هیوایان خواست پرۆسەی هەڵبژاردنەکان لە کەشێکی ئارامدا بەڕێوەبچێت و ئەنجامەکەی لە بەرژەوەندیی هەموو هاوڵاتییانی عێراقدا تەواوببێت.
سەبارەت بە دۆخی کەرکووکیش جێگری سەرۆک وەزیران رایگەیاند: ئێستا لە کەرکوک جیاوازی دەکرێت لەنێوان پێکهاتەکانی ئەو شارەدا و دەبێت لە دوای هەڵبژاردنەکان دۆخێک بێتە ئاراوە کە هەموو پێکهاتەکان هەست بە دڵنیایی بکەن لەوەی چیتر پەراوێز ناخرێن و بەبێ هیچ جیاوازییەک خزمەت بکرێن.
https://drive.google.com/file/d/11i6a0OxTUeUzx6m7P5SUT1obNawG6tc0/view