Skip to the content

بەئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیران، شۆڕش ئیسماعیل گەڕایەوە بۆ ئەرکەکەی وەک وەزیری پێشمەرگە.

بەبۆنەی گەڕاندنەوەی ، شۆڕش ئیسماعیل وەزیری پێشمەرگە، لە کۆبوونەوەیەکدا کە ئەمڕۆ ٢٧ی نۆڤەمبەری ٢٠٢٣، لە دیوانی وەزارەت، بە ئامادەبوونی بریکاری وەزیر و سەرۆکی دەستەی ئەرکان و ئەمینداری گشتی و ژمارەیەک لە ئەفسەرانی پلەباڵای وەزارەت بەڕێوەچوو، قوباد تاڵەبانی جەختی کردەوە کە دەبێت گلەیی و ناکۆکییەکان وەلابنرێت و پێکەوە وەک یەک تیم کار بکەن.
وتیشی: ئاساییە ناکۆکی هەبێت لەنێوان لایەنە سیاسییەکان بەڵام بەهیچ شێوەیەک نابێت ئەو ناکۆکییانە لەناو وەزارەت رەنگ بداتەوە، ئەفسەران و پلەباڵاکانی وەزارەت دەبێت وەک یەک تیم بە شێوەیەکی پیشەییانە پێکەوە کاربکەن.

جێگری سەرۆک وەزیران، ئاماژەی بە گرنگیی جێبەجێکردنی خاڵەکانی پرۆسەی چاکسازی و رێکخستنەوەی هێزی پێشمەرگەی کوردستانی کرد، و رایگەیاند؛ هاوکاری و هەماهەنگی هاوپەیمانان بەرز دەنرخێنین و بۆ لەمەولا نابێت پرۆسەی چاکسازی بە خاوی و لاوازی بەڕێوەبچێت.
داواشیکرد ئەفسەران و پلەباڵاکانی وەزارەت بە روحی هەست کردن بە ئەرکی نیشتمانی کار بکەن لەپێناو جێبەجێ کردنی هەموو خاڵەکانی چاکسازی.

دواتر شۆڕش ئیسماعیل وەزیری پێشمەرگە، ئاماژەی بەوەدا کە پێویستیی بە پشتیوانی هەموو لایەکە لەپێناو سەرخستنی کاروباری وەزارەت دوور لە ململانێی سیاسی. وتیشی: کاری وەزارەت و هێزەکانی پێشمەرگە پیرۆزە و دەبێت لێکتێگەیشتنمان هەبێت بۆ باشتر بەجێگەیاندنی ئەرکەکانمان.
جەختی لەوەش کردەوە کە لە قۆناغی داهاتوو کاری باشتر دەکرێت وەکو یەک تیم.