Skip to the content

قوباد تاڵەبانی: بە داخەوە تا ئێستا پرسی توندوتیژی دژی ژنان لای بەشێکی بەرچاوی کۆمەڵگا پرسێکی پەراوێز بووە

قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران لە وتارێکدا لە دیداری سلێمانی بۆ بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان ڕایگەیاند: "بەداخەوە تا ئێستا پرسی توندوتیژی دژی ژنان لای بەشێکی بەرچاوی کۆمەڵگا و تەنانەت لای بەشێک لە نوخبەی سیاسی و ڕۆشنبیری پرسێکی پەراوێز بووە."
لە دیدارەکەدا کە ڕۆژی یەکشەممە، ٢٦ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٣ لە سلێمانی بەڕێوە چوو، جێگری سەرۆکوەزیران ئاماژەی بەوە دا "پرسی توندوتیژی دژی ژنان بە تەنیا بە حکومەت و ڕێکخراوەکان چارەسەر نابێت و دەبێت ئەم پرسە ببێتە پرسی هەمووان و پێویستیی بە کاری پێکەوەیی لەنێوان حکومەت و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی و چالاكان و ڕۆژنامەنووسان و نووسەران و ڕۆشنبیران و مامۆستایانی ئایینی و هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگا هەیە. هەروەها گوتیشی: ناکرێت لە پرۆسەی گەشەپێدانی کۆمەڵگادا دوو کێشە چارەسەر بکرێن و کێشەکانی دیکە فەرامۆش بکرێن."
جێگری سەرۆکوەزیران، جەختیشی کردەوە یەکێک لەو بوارانەی کە دەبێت گەشەی تێدا بکرێت، باشترکردنی دۆخی ژنان و کەمکردنەوەی ئاستی توندوتیژیی خێزانییە.
لە بەشێکی دیکەی وتارەکەیدا، قوباد تاڵەبانی داوای کرد ڕێکخراوەکان و چالاكانی بواری مافەکانی ژنان لەپێناو هۆشیاکردنەوەی زیاتری کۆمەڵگا، پەیوەندیی ڕاستەوخۆ لەگەڵ خەڵک دروست بکەن، میکانیزمێک و شێوەڕێکخستنێک دروست بکەن کە بە بەردەوامی و بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ لەگەڵ خەڵکدا گفتوگۆ بکەن، بەتایبەتیش لەگەڵ ئەو بەشە لە کۆمەڵگا کە ڕێژەی توندوتیژی لەناویاندا بەرزترە.
لە کۆتاییی وتارەکەیدا جەختی لەوە کردەوە دەبێت هەمووان پێکەوە لە بچووکترین کێشەی بەردەم ژنان و کچانەوە هاودەنگ بن تا دەگاتە گەورەترینیان کە کوشتنی بەناو شەرەفە و بەیەکەوە و بە یەکدەنگ بڵێین: "هیچ شەرەفێک لە ژنکوشتندا نییە."

بۆ بینینی ڤیدیۆی گوتارەکە (کلیک لێرە بکە)