قوباد تاڵەبانی: ناکرێت لە ساڵی داهاتوودا کێشەی نەناردنی بەشە بودجە و موچەی فەرمانبەرانی هەرێم بەردەوام بێت.
قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران لە کۆبوونەوەی لەگەڵ ستیڤن چارڵس هیچن، باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق، رایگەیاند هەموو هەوڵێکمان بۆ ئەوەیە کێشەی بەشە بودجە و موچەی فەرمانبەرانی هەرێم بە یەکجاری چارەسەر بکەین و ناکرێت ئەم کێشەیە لە ساڵی داهاتووشدا بەردەوام بێت.
لە کۆبوونەوەکەدا کە رۆژی پێنج شەمە، ٣٠ی نۆڤەمبەری ٢٠٢٣ لە هەولێر بەڕێوەچوو، تاوتوێی دۆخی سیاسی و ئەمنی عێراق و پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و بەغدا کرا. لەمبارەیەوە قوباد تاڵەبانی ئاماژەی بەوەکرد ئەرکی هەموو لایەنە عێراقییەکانە هەوڵ بدەن بۆ پاراستنی سەقامگیری سیاسی و ئەمنی عێراق، هاوکات لەگەڵ ئەوەشدا بۆ گەڕاندنەوەی متمانە، پێویستە هەر لایەنێک لەلای خۆیەوە نیازپاکی نیشان بدات. وتیشی تەنها بە پاراستنی سەقامگیری و گەڕاندنەوەی متمانە دەتوانرێت کێشە سیاسییەکان و لەناویشیاندا کێشەکانی نێوان هەرێم و بەغدا بەشێوەیەکی بنەڕەتی چارەسەر بکرێن.
سەبارەت بە کێشەکانی نێوان هەرێم و بەغداش، جێگری سەرۆک وەزیران جەختی کردەوە چارەسەری بنەڕەتی رێککەوتنێکی گشتگیری درێژخایەنە کە لە بەرژوەندی هەردوولادابێت. بەڵام لەم قۆناغەدا ئەولەوییەتی یەکەمی حکومەت و هاوڵاتییانی هەرێمی کوردستان چارەسەرکردنی خێرای کێشەی بودجە و موچەی موچەخۆرانە و ناکرێت ئەم کێشەیە لە ساڵی داهاتووشدا بەردەام بێت. داواشیکرد وڵاتانی دۆست و هاوپەیمان یارمەتیدەربن لە چارەسەرکردنی ئەم کێشەیەدا.
لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا باسی دۆخی ناوخۆی هەرێمی کوردستان کرا. قوباد تاڵەبانی روونیکردەوە لە ماوەی رابردوودا کەشێکی ئەرێنی هاتووەتە ئاراوە بۆ چارەسەرکردنی کێشە ناوخۆییەکان و هەنگاوی باش نراون بە ئاراستەی یەکگرتوویی و یەکڕیزی نێوان لایەنە کوردستانییەکان. وتیشی گەشبینە بە بەردەوامیی ئەم کەشە ئەرێنییە بەشێکی بەرچاوی کێشەکان چارەسەر بکرێن و بەمەش پێگەی هەرێمی کوردستان لە عێراقدا بەهێزتر ببێت.
لەم چوارچێوەیەدا ئاماژەی بە گەڕانەوەی وەزیری پێشمەرگە بۆ سەر ئەرکەکەی کرد و رایگەیاند بە گەڕانەوەی وەزیر پرۆسەی ریفۆرم لە وەزارەتی پێشمەرگە خێراتر و باشتر جێبەجێ دەکرێت.