قوباد تاڵەبانی لەگەڵ فەرماندەی نوێی هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتیی دژی داعش کۆبووەوە
قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران، پێشوازی لە ژەنەراڵ کیڤن لیهی، فەرماندەی نوێی هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتیی دژی داعش لە عێراق و سووریا کرد.
لە کۆبوونەوەی نێوانیاندا چۆنییەتی بەرەنگاربوونەوەی مەترسییەکانی تیرۆر و پتەوترکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هێزەکانی پێشمەرگە و هێزەکانی هاوپەیمانان تاووتوێ کران.
لە کۆبوونەوەکەدا کە ڕۆژی پێنجشەممە ٢٢ی ئابی ٢٠٢٤، لە هەولێر بە ئامادەبوونی هەر یەکە لە شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگە و ستێڤ بیتنەر، کونسولی گشتیی ئەمەریکا بەڕێوە چوو، جێگری سەرۆکوەزیران پیرۆزبایی لە ژەنەراڵ کیڤن لیهی کرد، بە بۆنەی دەستبەکاربوونی وەک فەرماندەی نوێی هێزەکانی هاوپەیمانان لە عێراق و سووریا و هیوای سەرکەوتنی بۆ خواست لە ئەرکەکەیدا.
لە هەمان کاتیشدا ستایشی ژەنەراڵ جۆوڵ ڤاوڵ، فەرماندەی پێشووی هاوپەیمانانی کرد کە ڕۆڵی گرنگی بینی لە بەهێزکردنی هەماهەنگی نێوان هاوپەیمانان و هێزەکانی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکانی دیکەی کوردستان. هیواشی خواست فەرماندەی نوێی هاوپەیمانان لەسەر هەمان ڕێچکە بەردەوام بێت.
لەلای خۆیەوە ژەنەراڵ کیڤن لیهی، جەختی کردەوە لەسەر هەماهەنگی و هاوکاریی زیاتری نێوان هێزەکانی پێشمەرگە و هاوپەیمانان، لەپێناو پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی کوردستان و عێراق و ناوچەکە.
لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ لەبارەی چاکسازییەکانی وەزارەتی کاروباری پێشمەرگە کرا و هەردوولا هاوڕا بوون لەسەر پێویستیی بەردەوامبوونی پرۆسەی چاکسازی لە هێزەکانی پێشمەرگە. جەختیشیان لەسەر کاری هاوبەش کردەوە، لەپێناو عێراقێکی سەقامگیر و کوردستانێکی یەکگرتوو و بەهێزدا.