Skip to the content

قوباد تاڵەبانی لەگەڵ کونسولی گشتیی چین لە هەرێم کۆبووەوە

ڕۆژی پێنجشەممە ٨ی ئابی ٢٠٢٤، قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە لیو جون، کونسولی گشتیی چین لە هەرێمی کوردستان کرد و لە کۆبوونەوەی نێوانیاندا گفتوگۆ لەبارەی چۆنییەتی پەرەپێدان بە بەرنامەی ڕاهێنانی پیشەیی لە بوارە جیاوازەکاندا کرا.
قوباد تاڵەبانی سوپاسی حکومەتی چینی کرد، کە لە ماوەکانی ڕابردوودا هاوکار بووە لەوەی فێرخوازان لە دامودەزگەکانی حکومەتی هەرێم لە بوارە جیاوازەکاندا بۆ بەشداربوون لە خولەکانی ڕاهێنانی پیشەیی، سەردانی ئەو وڵاتە بکەن.
جێگری سەرۆکوەزیران داواشی کرد پێکەوە کاربکەن بۆ پەرەپێدانی زیاتر و بەردەوامیدان بە بەرنامەی ڕاهێنانی پیشەیی، تا لە داهاتوودا ژمارەیەکی زیاتر فێرخوازی هەرێم لە بوارە جیاوازەکاندا و بەتایبەتیش لە بوارەکانی بازرگانی، کشتوکاڵ، ژینگە و گەشتوگوزاردا بەشداری لە خولەکانی ڕاهێنانی پیشەییی وڵاتی چین بکەن، بۆ ئەوەی هەرێمی کوردستان بتوانێت سوودێکی زیاتر لە ئەزموونی دەوڵەمەندی گەشەسەندنی وڵاتی چین وەربگرێت.
لەمبارەیەوە کونسولی گشتیی چین ئامادەییی وڵاتەکەی دەربڕی، بۆ پەرەپێدانی زیاتر بە بەرنامەی ڕاهێنانی پیشەیی، بە فێرخوازانی هەرێمی کوردستان لە بوارە جیاوازەکاندا.
لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ لەبارەی بەرنامەیەکی تایبەتی نووسینگەی جێگری سەرۆکوەزیران کرا، کە تایبەتە بە پەرەپێدانی تواناکانی وەرزشوانانی کورد و لە ئێستادا لە چوارچێوەی ئەو بەرنامەیەدا ژمارەیەک لە وەرزشوانی کورد، بەتایبەتی لە بواری هونەرە جەنگییەکاندا، لە وڵاتی چین سەرقاڵی ڕاهێنانن.
هەر لەم پەیوەندییەدا ئاماژە بە پلانی بەشی وەرزشیی نووسینگەی جێگری سەرۆکوەزیران کرا، کە بڕیارە لە داهاتوویەکی نزیکدا تیمێک لە ڕاهێنەرانی ئاستبەرزی وڵاتی چین، لە بواری هونەرە جەنگییەکاندا، بۆ کردنەوەی خولی ڕاهێنان و ئەنجامدانی چالاکیی وەرزشی، بێنە هەرێمی کوردستان و لەمبارەیەوە هەماهەنگیی پێویست کرا.