قوباد تاڵەبانی لەگەڵ کونسوڵی گشتیی نوێی ئەمهریکا لە هەرێم کۆبووەوە
قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران پێشوازی لە ستیڤ بيتنهر، کونسوڵی گشتیی نوێی ئەمهریکا كرد و لە کۆبوونەوەی نێوانیاندا دۆخی سیاسيی ناوخۆی هەرێم و پەیوەندییەکانی هەرێم و بەغدا و پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و ئەمهریکا تاووتوێ کران.
لە کۆبوونەوەکەدا کە ڕۆژی چوارشەممە ١٤ی ئابی ٢٠٢٤ لە هەولێر بەڕێوە چوو و تیایدا مارک سترۆ، کونسولی گشتیی پێشووی ئەمهریکا و دابان شەدەڵە، جێگری بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی هەرێم ئامادەی بوون، قوباد تاڵەبانی ستایشی کونسولی پێشووی ئەمهریکای کرد، بەوەی ڕۆڵی باشی بینیوە لە بوارەکانی مافی مرۆڤ و ئازاديی ڕادەربڕین و هاوکاریکردنی ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگهی مەدەنی لە کوردستان و هیوای سەرکەوتنی لە ئەرکی داهاتوویدا بۆ خواست.
دواتر پیرۆزبایی لە کونسولی گشتیی نوێی ئەمهریکا کرد، بە بۆنەی دەستبەکاربوونییەوە و ئامادەیيی خۆی بۆ هەموو جۆرە هاوکاری و هەماهەنگییەک لەپێناو سەرکەوتن لە ئەرکە نوێیەکەیدا دهربڕى.
لە بەشێکی کۆبوونەوەکەدا باس لە دۆخی سیاسيی ناوخۆی هەرێم کرا و هەردوولاش هاوڕا بوون لەسەر گرنگیی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد، کە ئهنجامەکەی ڕەنگدانەوەی تەواوی خواست و ئیرادەی هاووڵاتییانی هەرێم بێت.
سەبارەت بە پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و بەغداش، جەخت کرایەوە لەسەر پێویستیی بەهێزترکردنی پەیوەندییەکان، بۆ ئەوەی بتوانرێت کێشەکان بە شێوەیەکی بنەڕەتی و بەپێی دەستور چارەسەربکرێن.
لە تەوەرێکی دیکەدا گفتوگۆ لەبارەی چۆنییەتی بەهێزترکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و ئەمهریکا كرا. لەمبارەیەشەوە هاوڕا بوون لەسەر هەماهەنگی و پێکەوەکارکردنی زیاتر، بۆ پتەوترکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و ئەمهریکا لە بوارە جیاوازەکاندا.