Skip to the content

دیداری بازرگانیی فەرەنسی – کوردستانی بەڕێوە دەچێت

قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، لە کۆبوونەوەی لەگەڵ یان برێم، کونسولی گشتیی فەرەنسا لە هەرێم، گفتوگۆیان لەبارەی ئامادەکارییەکان بۆ دیداری بازرگانیی فەرەنسی – کوردستانی کرد، کە بڕیارە لە مانگی ئەیلوول لە پاریسی پایتەختی فەرەنسا بەڕێوە بچێت.
لە کۆبوونەوەکەدا کە ڕۆژی چوارشەمە ٣١ی تەمووزی ٢٠٢٤، لە هەولێر بەڕێوە چوو، قوباد تاڵەبانی پشتیوانیی خۆی بۆ بەڕێوەچوونی دیداری بازرگانیی فەرەنسی – کوردستانی لە پاریس ڕاگەیاند و ئامادەییی حکومەتی هەرێمی دەربڕی بۆ هەموو جۆرە هاوکاری و کاراسانییەک بۆ سەرکەوتنی دیدارەکە.
لە بەرانبەردا کونسولی گشتیی فەرەنسا بە ئاماژەدان بە گرنگیی چاکسازییە ئابوورییەکانی جێگری سەرۆکوەزیران، داوای کرد قوباد تاڵەبانی بەشدارییەکی کارای لە بەڕێوەچوونی دیدارەکەدا هەبێت.
لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، بە گرنگییەوە باسی لە پێویستیی وەبەرهێنانی فەرەنسی لە هەرێم کرد و جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە حکومەتی هەرێم ئامادەیە هەموو جۆرە کاراسانییەک بۆ وەبەرهێنەرانی فەرەنسی بکات. هەردوولاش هاوڕا بوون کە بۆ پەرەپێدانی زیاتری وەبەرهێنانی فەرەنسی لە کوردستان، پێویستە حکومەتی هەرێم هاوکاری و کاراسانیی زیاتر پێشکەشی وەبەرهێنەرانی ئەو وڵاتە بکات.