Skip to the content

قوباد تاڵەبانی لەگەڵ باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق کۆبووەوە

قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە ستیڤن هیچن، باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق کرد و لە کۆبوونەوەی نێوانیاندا پرسی شەنگال و دۆخی ئەمنیی عێراق و هەرێمی کوردستان و چەند پرسێکی دیکەی جێی بایەخی هەردوولا گفتوگۆیان لەبارەوە کرا.

لە تەوەری سەرەکیی کۆبوونەوەکەدا کە ڕۆژی دووشەممە ٥ی ئابی ٢٠٢٤، لە هەولێر بەڕێوە چوو و تیایدا دابان شەدەڵە، جێگری بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی هەرێم ئامادەی بوو، گفتوگۆ لەبارەی دۆخی شەنگال کرا و هەردوولا جەختیان لەسەر پێویستیی پەلەکردن لە ئاوەدانکردنەوە و سەقامگیرکردنی ئەو ناوچەیە کردەوە، تا ئاوارەکان بتوانن بەبێ ترس و دڵەڕاوكێ بگەڕێنەوە زێدی خۆیان.

لەمبارەیەوە جێگری سەرۆکوەزیران ئاماژەی بەوە دا؛ کە دەبێت خەڵکی دەڤەرەکە لە ئاساییکردنەوە و ئاوەدانکردنەوەی ناوچەکەی خۆیان بەشدارییان پێ بکرێت و بە پێویستیشی زانی ڕێککەوتنێکی گشتگیر بکرێت بۆ پاراستنی سەقامگیری و دڵنیاکردنەوەی ئاوارەکان بۆ گەڕانەوەیان. ڕوونیشی کردەوە کە هەموو هەوڵێک دەدەن بۆ پەلەکردن لە چارەسەرکردنی کێشەی شەنگال، بە شێوەیەک که لە بەرژەوەندیی خەڵکی دەڤەرەکەدا بێت.

لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ لەبارەی دواپێشهاتە سیاسی و ئەمنییەکانی ناوچەکە کرا، و هەردوولا هاوڕا بوون کە پێویستە هەردوو حکومەتی فیدراڵ و حکومەتی هەرێم و هەموو لایەنە عێراقییەکان بە هەستیارییەکی زیاترەوە مامەڵە بکەن و پێکەوە کار بکەن بۆ پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی عێراق و هەرێمی کوردستان.