Skip to the content

قوباد تاڵەبانی لەگەڵ بەرپرسانی ئیداريی قەزای سەید سادق کۆبووەوە

قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانى هه‌رێمى كوردستان، سەردانی قەزای سەید سادقی کرد و لە کۆبوونەوەی لەگەڵ بەرپرسانی ئیداريی قەزاکە، بڕیار لەسەر جێبەجێکردنی چەند پرۆژەیەکی خزمەتگوزاری درا لە ماوەیەکی نزیکدا.

لە کۆبوونەوەکەدا کە ڕۆژی یەکشەممە ١٨ی ئابی ٢٠٢٤، بە ئامادەبوونی ڕەزا محەمەد، قایمقامی قەزای سەید سادق بەڕێوە چوو، جێگری سەرۆکوەزیران لە کەموکوڕییەکانی فەرمانگە و بەڕێوەبەرایەتییەکان و کێشە خزمەتگوزارییەکانی کۆڵییەوە.
لە دوای گوێگرتن لە کێشە و کەموکوڕییەکان، بڕیار درا لەسەر دابینکردنی پێداویستییەکانی فەرمانگە و بەڕێوەبەرایەتییەکان، بۆ ئەوەی بتوانن باشتر خزمەتی هاووڵاتییان بکەن.
سەبارەت بە کێشە خزمەتگوزارییەکانیش، بڕیار لەسەر جێبەجێکردنی چەند پرۆژەیەکی خزمەتگوزاری درا، لە ماوەیەکی نزیکدا. هەروەها بڕیار لەسەر دروستکردنی سەنتەرێکی ئۆتیزم لە قەزاکە درا.

لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، جێگری سەرۆکوەزیران داوای لە بەرپرسانی ئیداريی قەزای سەید سادق کرد، هەموو جۆرە کاراسانییەک بۆ راپەڕاندنی کاروباری هاووڵاتییان بكه‌ن و ڕایگەیاند: ڕەزامەندی هاووڵاتییان مەرجی سەرەکییە بۆ بەردەوامبوونی هەر بەڕێوەبەرێک لە پۆستەکەیدا و هەر کاتێک هەست بکرێت هاووڵاتییان لە ئەدای بەڕێوەبەرایەتییەک ڕازی نین، گۆڕانکاريی پێویست دەکرێت.