قوباد تاڵەبانی لەگەڵ پارێزگاری ناوچەی لامبێسی لەندەن کۆبووەوە
قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران، پێشوازی لە سەرباز بەرزنجی، پارێزگاری ناوچەی لامبێسی لەندەن کرد و لە کۆبوونەوەی نێوانیاندا باسی گرنگیدان بە ڕەوەندی کوردی لە بەریتانیا كرا.
لە کۆبوونەوەکەدا کە ڕۆژی پێنجشەممە ١٥ی شوباتی ٢٠٢٤، لە هەولێر بەڕێوە چوو و تیایدا جەیمس گۆڵدمان، کونسوڵی گشتیی بەریتانیا لە هەرێم ئامادەی بوو، قوباد تاڵەبانی دەستخۆشی لە سەرباز بەرزنجی کرد کە وەکوو کوردێک توانیویەتی بە هەوڵ و ماندووبوونی خۆی لە بهریتانیا سەرکەوتنی گەورە بەدەست بهێنێت، تا ئەو ئاستەی ببێتە پارێزگار، هیواشی خواست لە داهاتوودا سەرکەوتنی گەورەتر بەدەست بهێنێت.
لە تەوەرێکی کۆبوونەوەکەدا باس لە چۆنییەتی گرنگیدان بە ڕەوەندی کوردی لە بەریتانیا کرا. قوباد تاڵەبانی داوای کرد زەمینەیەک بۆ پشتگیریکردنی کەسانی بەهرەمەندی کورد لەو وڵاتە دروست بکرێت، لەوانە هونەرمەند و وەرزشوان و کەسانی ئاکادیمی، بۆ ئەوەی پەرە بە تواناکانی خۆیان بدەن تا خزمهتى ئهو وڵاتە و ڕهوهندى كوردى بكهن. ئامادەییى خۆی بۆ هەر جۆرە هەماهەنگی و هاوکارییەک لەوبارەیەوە دەربڕی.
لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا جەخت لە هەماهەنگیى زیاتر کرايهوه، لەپێناو گەشەپێدانی ئەو ناوچانەی کە پێویستیيان بە ڕەخساندنی هەلی کاری زیاتر هەیە بۆ گەنجان، هاوڕا بوون کە پێویستە بەریتانیا و وڵاتانی ڕۆژاوا بۆ گەشەپێدانی ناوچە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان هاوکار بن.