قوباد تاڵەبانی لەگەڵ کونسوڵی گشتیی کۆریای باشور لە هەرێم کۆبووەوە
قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران پێشوازی لە سنچۆل لیم، کونسوڵی گشتیی کۆریای باشور لە هەرێمی کوردستان کرد و پێکەوە تاوتوێی چەند بابەتێکی جێی بایەخی هەردوولایان کرد.
لە کۆبوونەوەکەدا کە ڕۆژی پێنجشەممە، ٨ی شوبات لە هەولێر بەڕێوە چوو، گفتوگۆ لەبارەی چۆنییەتی پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات لە بوارەکانی تەکنەلۆجیا و پیشەسازی و گەشتیاریدا كرا. ئاڵوگۆڕی بیروڕاش لەبارەی چۆنییەتی سودوەرگرتنی هەرێمى كوردستان لە ئەزموونی سەرکەوتووی گەشەسەندنی ئابووریی کۆریای باشور كرا.
لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ لەبارەی گرنگیی هەمەجۆرکردنی ئابووریی هەرێمی کوردستان و پشتبەستن بە توانای گەنجان لە بوارەکانی داهێنان و تەکنەلۆجیاوه كرا. لەمبارەیەوە قوباد تاڵەبانی تێڕوانینی خۆی لەبارەی باشکردنی پرۆسەی حکومڕانی و پێشخستنی ئابووریی هەرێمی کوردستان خستە ڕوو، داواشی کرد کۆریای باشور هاوکاری زیاتری هەرێمی کوردستان بکات بەتایبەتی لەڕێگەی بەشداریکردنی شارەزایی و ئەزموونی سەرکەوتووی ئەو وڵاتە.