Skip to the content

دیداری "ژن و دیپلۆماسی" لە هەولێر بەڕێوە چوو

بە ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیران و بە بەشداری ژمارەیەک لە دیپلۆماتکارانی ژنی کورد و بیانی لە هەولێر دیداری "ژن و دیپلۆماسی" بەڕێوچوو.

لە دیدارەکەدا کە لە هەولێر بەڕێوەچوو و ژمارەیەک لە دیپلۆماتکارانی ژنی بیانی لە باڵوێزخانە و کۆنسوڵخانەکانی وڵاتان لەعێراق و هەرێمی کوردستان، هەروەها ژمارەیەک دیپلۆماتکاری ژنی کوردیش بەشداربوون، باس لە رۆڵ و پێگەی ژنان لە بواری دیپلۆماسی کرا.

جێگری سەرۆک وەزیران لە دیدارەکەدا باسی لە گرنگیی بەشداری ژنان کرد لە هەموو بوارەکاندا و لەناویشیاندا لە بواری دیپلۆماسیدا. بە ئاماژەدان بە چەندین نمونەی سەرکەوتوو لە دیپلۆمەتکارانی ژن لەسەر ئاستی جیهان و ناوچەکەدا رایگەیاند ژنان سەلماندوویانە وەکچۆن لە زۆربەی بوارەکانیدیکە توانیویانە سەرکەوتووبن، لە بواری دیپلۆماسیشدا دەتوانن سەرکەوتووبن و خزمەتی بەرژەوەندییەکانی وڵاتەکانیان بکەن.

هەر لەو دیدارەدا کە ژمارەیەک کچە خوێندکاری بەشی زانستە سیاسییەکان بەشداربوون، قوباد تاڵەبانی وتی هەرچەندە بواری دیپلۆماسی بۆ ژنانی کورد بوارێکی نوێیە، بەڵام ژنانی کورد دەتوانن بە هەوڵ و ماندووبوونی زیاتر لەم بوارەشدا تواناکانی خۆیان بسەلمێنن. داواشیکرد ژنە دیپلۆماتکارەکانی کورد، کۆسپ و گرفتەکان ساردیان نەکاتەوە و بەردەوام بن لە پەرەپێدانی تواناکانی خۆیان، وەکچۆن ژنانی دیپلۆماتکاری وڵاتانی دیکە بە ماندووبوون و پێداگری زیاترەوە توانیویانە لە بواری دیپلۆماسیشدا سەرکەوتنی گەورە بە دەست بهێنن.

لە دیدارەکەدا ژنە دیپلۆماتکارە بیانییەکانیش باسیان لە ئەزمونی بەشداری ژنان لە دیپلۆماسی وڵاتەکانی خۆیان کرد و ئاماژەیاندا بە کۆسپ و گرفتەکانی بەردەم دیپلۆماتکارانی ژن. خۆشحاڵی خۆشیان دەربڕی کە لە کوردستان دیدار و کۆبوونەوەی لەم شێوەیە دەبەسترێت و ستایشی هەوڵەکانی جێگری سەرۆک وەزیرانیان کرد لە پشتگیریکردنی ژنان بۆ بەشداریکردنی زیاتر لە بواری سیاسەت و دیپلۆماسیدا.