Skip to the content

قوباد تاڵەبانی لەگەڵ سەرۆکی ئەرمینیا کۆبووەوە

قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیران لەگەڵ ڤاهگن خاچاتوریان، سەرۆکی ئەرمینیا کۆبووەوە و باسی چۆنییەتی پەرەپێدانی پەیوەندیی نێوان هەردوولا لە بوارە جیاوازەکان و چەند پرسێکی دیکەش تاوتوێ کران.

کۆبوونەوەکە سەرلەئێوارەی رۆژی پێنج شەمە ( ٢٩ی شوباتی ٢٠٢٤) لە هەولێر بەڕێوەچوو و تیایدا هەر یەکە لە ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆ و دارا رەشید، وەزیری پلاندانان و سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی و دابان شەدەڵە، جێگری سەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی هەرێم ئامادەی بوون.

هەردوولا بە گرنگییەوە باسیان لە پەیوەندیی نێوان هەرێمی کوردستان و ئەرمینیا کرد و جەختیان کردەوە لەسەر پتەوکردن و زیاتر بەرەوپێشبردنی ئەو پەیوەندییانە لە بوارە جیاوازەکاندا، بە تایبەتیش لە بوارەکانی تەکنەلۆژیا، بازرگانی و وەبەرهێنان، کشتوکاڵ، تەندروستی و خوێندنی باڵادا. لەمبارەیەوە گفتوگۆ لەسەر میکانیزم و ڕێوشوێنەکانی چۆنییەتی بەهێزکردنی پەیوەندییەکان لەو بوارانەدا و سودوەرگرتن لە ئەزمونی ئەرمینیا کرا.

لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا باسی دۆخی سیاسی و ئەمنی ناوچەکە بە گشتی کرا. هەردوولا هاوڕابوون کە ناسەقامگیری ناوچەکە لە بەرژەوەندی هیچ گەلێکدا نییە و پێویستە هەموو لایەنەکان بۆ رێگریکردن لە قوڵبوونەوەی ناکۆکییەکان، سیاسەتی گفتوگۆ و لێکتێگەیشتن و چارەسەرکردنی کێشەکان بە شێوەی ئاشتییانە بگرنەبەر.

پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و بەغدا، تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە بوو. جێگری سەرۆک وەزیران ڕوونیکردەوە کە هەموو هەوڵێک دەدەن بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوا هەرێم و بەغدا بەپێی دەستور، بە جۆرێک کە لە بەرژەوەندی هەموو گەلانی عێراقدا بێت.