Skip to the content

قوباد تاڵەبانی: متمانەی تەواومان بە توانا و لێهاتووییی ژنان لەناو هێزی پێشمەرگەی کوردستاندا هەیە

ڕۆژی یەکشەممە ٢٥ی شوباتی ٢٠٢٤، قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، سەردانی کۆلێژی سەربازیی قەڵاچوالانی کرد، و لەگەڵ ئەفسەران و خوێندکارانی ژنی کۆلێژەکە کۆبووەوە.

لە کۆبوونەوەکەدا کە ڕاگری کۆلێژی سەربازیی قەڵاچوالان ئامادەی بوو، جێگری سەرۆکوەزیران، ڕۆڵی سەرۆک مام جەلالی لە کردنەوەی کۆلێژی سەربازی قەڵاچوالان بەرز نرخاند و ئاماژەی بۆ ئەوە کرد کە سەرۆک مام جەلال گرنگیی تایبەتی بە بەشداریکردنی ژنان لە خولەکانی پێگەیاندنی ئەفسەرانی ژن لەناو هێزی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکان دەدا.

جێگری سەرۆکوەزیران ستایشی مامۆستایان و ئەفسەرانی کۆلێژی سەربازی قەڵاچوالانی کرد و گوتی؛ ژمارەیەکی زۆر ئەفسەری دەرچووی ئەم کۆلێژە لە کوردستان و عێراق لە پێگەی گرنگن و خزمەت دەکەن.

قوباد تاڵەبانی باسیشی لەوە کرد "پێشتر عەقڵییەتێک هەبوو کە کۆسپ بوو لەبەردەم بەشداریکردنی ژنان لەم جۆرە خولانەدا، بەڵام بە خۆشحاڵییەوە ئێستا ئەو عەقڵییەتە بەرەو کاڵبوونەوە ڕۆیشتووە و دەبێت بە تەواوەتی نەهێڵرێت." دڵخۆشیی خۆیشی دەربڕی بەوەی کە ساڵ لە دوای ساڵ ڕێژەی بەشداریکردنی ژنان لە خولەکانی کۆلێژی سەربازیی قەڵاچوالان بەرزتر دەبێتەوە و ئامادە دەبن بۆ ئەوەی شانبەشانی پیاوان بەرگری لە خاکی کوردستان و هاووڵاتییان بکەن.

گوتیشی: متمانەی تەواومان بە توانای ژنان هەیە لەناو هێزی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکانی دیکەدا، و داواشی کرد ژنان لە پەرەپێدانی توانا و شارەزاییی خۆیان لەناو هێزە ئەمنییەکاندا زیاتر خۆیان ماندوو بکەن.

لە بەشێکی دیکەی گوتەکانیدا ئاماژەی بەوە دا "ئێمە هێزێکمان دەوێت کە بە شێوەیەکی پیشەیی بەرگری لە خاک و هاووڵاتییانی کوردستان بکات، هێزمان بۆ ئەوە ناوێت کە غەدر لە هیچ کەس و لایەنێک بکات."

قوباد تاڵەبانی لە کۆتاییی گوتەکانیدا ڕۆڵی ژنانی لە قۆناغە جیاوازەکاندا بەرز نرخاند لە بەرگریکردن لە خاکی کوردستان و پاراستنی سەقامگیریی وڵاتدا و ڕایگەیاند، ژنانی کورد بەوە ناسراون کە هەمیشە شانبەشانی پیاوان لە بەرگریکردن لە خاک و نیشتمان بەشدار بوونە، هەر بۆیە پێویستە لەمەودوا بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی بەشداریی ژنان لەناو هێزە ئەمنییەکاندا، کاری زیاتر بکرێت.