Skip to the content

قوباد تاڵەبانی و وەزیری بەرگریی تورکیا کۆبوونەوە

*پرسی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانییان تاوتوێ کرد

قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران لەگەڵ یاشار گولەر، وەزیری بەرگریی تورکیا کۆبووەوە و پێکەوە پرسی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی و چەند بابەتێکی دیکەی جێی بایەخی هەردوولایان تاوتوێ کرد.

لە کۆبوونەوەکەدا، کە ئێوارەی ئەمڕۆ (چوارشەمە، ٧ی شوبات)، لە هەولێر بەڕێوەچوو، وەزیرانی پێشمەرگە و پلاندانان و جێگری لێپرسراوی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە و باڵيۆزى توركيا له‌ عێراق ئاماده‌ى بوون، په‌يوه‌ندييه‌كانى توركيا له‌گه‌ڵ هه‌رێمى كوردستان و پتەوکردنی ئەو پەیوەندییانە بە شێوازێک کە خزمەتی زیاتر بە هەردوولا بکات خرانە بەرباس.

دۆسیەی ئه‌منی و دۆخی سەقامگیری عێراق و هه‌رێمى كوردستان تەوەرێکی تری کۆبوونەوەکە بوو، لەوبارەیەوە بیروڕا ئاڵوگۆڕ کرا و جەخت کرایەوە لەسەر گرنگی پاراستنی سەقامگیری و رێزگرتن لە سەروەریی خاکی هەردوو وڵات.

هەر لە کۆبوونەوەکەدا باسی پرسی داخستنی ئاسمانی تورکیا بەڕووی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی کراو لەمبارەیەوە جێگری سەرۆک وەزیران داوای چارەسەرکردنی ئەو کێشەیەی کرد.