Skip to the content

قوباد تاڵەبانی: ڕێگە نادەین هیچ کەسێک کێشە بۆ بازرگان و وەبەرهێنەران دروست بکات

قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران، سەردانی ژووری بازرگانیی پارێزگای سلێمانی کرد و پشتگیریی خۆی بۆ دووپات کردنەوە و ڕایگەیاند؛ "ڕێگە نادەین هیچ کەس و لایەنێک کێشە بۆ بازرگان و وەبەرهێنەران دروست بکات."

لە دەستپێکی کۆبوونەوەکەدا، کە ڕۆژی دووشەممە ١٩ی شوباتی ٢٠٢٤ بەڕێوە چوو، قوباد تاڵەبانی، بەبۆنەی هەڵبژاردنیانەوە پیرۆزبایی لە سەرۆک و ئەندامانی نوێی ژووری بازرگانیی سلێمانی کرد و هیوای خواست ڕۆڵی گرنگ لە گەشەپێدانی سلێمانی و زیادکردنی جوڵەی بازرگانی و بووژانەوەی بازاڕدا ببینن.

دوای گوێگرتن لە کێشە و گرفتەکانی بەردەم بازرگانان و وەبەرهێنەران، جێگری سەرۆکوەزیران، ئاماژەی بە هەوڵەکانی چەسپاندنی سەروەریی یاسا کرد و دڵنیایی پێدان، کە چیتر بە هیچ شێوەیەک ڕێگە نادەن هیچ کەس و لایەنێک لە ڕێگەی سەرانەوەرگرتن و یان هەر هەوڵێکی هاوشێوەی دیکە کێشە و گرفت بۆ وەبەرهێنەر و بازرگانان دروست بکات.

گوتیشی؛ "ستراتیژی ئێمە بەهێزکردنی کەرتی تایبەتە، بۆیە بە هەموو تواناوە پشتگیری بازرگان و وەبەرهێنەران دەکەین و لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەت ڕاسپێردراون هەموو جۆرە کاراسانییەک بکەن لەپێناو کەمکردنەوەی ڕۆتین لە بەردەم کارەکانیان."

لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، قوباد تاڵەبانی، داوای کرد ژووری بازرگانی سلێمانی ڕۆڵ ببینێت لە هاندانی سەرمایەدار و وەبەرهێنەران، تا زیاتر لە کەرتەکانی کشتوکاڵ و پیشەسازی و گەشتوگوزار و گەشتوکاڵدا وەبەرهێنان بکەن، چونکە ڕێگەی ڕاستەقینەی گەشەسەندنی کوردستان لە وەبەرهێنان لەو کەرتانەدایە و زۆرترین هەلی کاریش هەر لەم کەرتانەدا بۆ گەنجان دەڕەخسێت، ئەوەش دەبێتە هۆکارێک بۆ بەهێزکردنی ژێرخانی ئابووری و بەهێزکردنی کەرتی تایبەت.

لە کۆتاییی کۆبوونەوەدا، قوباد تاڵەبانی دەستخۆشی کرد لە بازرگان و وەبەرهێنەرانی سلێمانی و ئەو فەرمانگانەی هاوکار بوون بۆ ئەوەی سلێمانی لە ساڵی ٢٠٢٣ـدا لە ژمارەی پرۆژەدا پێشەنگ بێت، لەوبارەیەوە گوتی: ئەو سەرکەوتنە بە هەوڵ هیممەتی هەمووان بووە و چاومان لەوەیە ئەمساڵ پرۆژەی زیاتر بکرێت لە کەرتە جیاجیاکان بۆ خزمەتکردنی سلێمانی.