Skip to the content

قوباد تاڵەبانی: گەشبینین لە ئەمساڵدا کێشە داراییەکانی نێوان هەرێم و بەغدا بە یەکجاری چارەسەر بکەین

قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران پێشوازیکرد لە وەفدێکی ئاژانسی گەشەپێدانی فەڕەنسی و لە کۆبوونەوەی نێوانیاندا لەبارەی دۆخی ئابوری هەرێمی کوردستان و چۆنییەتی بەهێزکردنی کەرتی تایبەت ئاڵوگۆڕی بیروڕا کرا.

لە کۆبوونەوەکەدا کە رۆژی چوارشەمە، ٧ی شوباتی ٢٠٢٤ لە هەولێر بەڕێوەچوو و یان برێم، کونسوڵی گشتیی فەڕەنسا لە هەرێم ئامادەی بوو، جێگری سەرۆک وەزیران سوپاسی هاوکارییەکانی ئاژانسی گەشەپێدانی فەڕەنسی کرد و رایگەیاند هەرێمی کوردستان دەرگای کراوەیە بەڕووی وەبەرهێنەرانی فەڕەنسیدا و لەمبارەیەشەوە ئامادەیە بۆ پێشکەش کردنی هەموو جۆرە هاوکاری و کارئاسانییەک.

وتیشی ستراتیژی حکومەتی هەرێم بەهێزترکردنی کەرتی تایبەتە و لەم چوارچێوەیەشدا پرۆسەی پشتگیریکردنی وەبەرهێنەرانی ناوخۆی دەست پێ کردوە. ئاماژەی بەوەشدا بەهۆی ئەم سیاسەتەوە ساڵی رابردوو ئاستی وەبەرهێنانی ناوخۆیی لە کوردستان زیادی کردوە و بە تایبەتیش پارێزگای سلێمانی لەم رووەوە لەسەر ئاستی عێراقدا یەکەم بوو.

سەبارەت بە کۆسپەکانی بەردەم گەشەپێدانی ئابوری لە کوردستان و عێراق، قوباد تاڵەبانی رایگەیاند یەکێک لە کێشە بنەڕەتییەکان نەبوونی داتای زانستییە و بەبێ بوونی داتای زانستی ناتوانین بڕیاری دروست و خێرامان هەبێت بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان و پلانی گونجاو دابنێین بۆ گەشەپێدانی ئابوری. هەربۆیە ساڵی رابردوو شۆڕشی داتامان راگەیاند و وەک دەستپێک لە شاری هەڵەبجەوە دەست کراوە بە کۆکردنەوە و ئامادەکردنی داتای زانستی و ئەم پرۆسەیەش بەردەوام دەبێت تا ئەو کاتەی کوردستان دەبێتە خاوەنی داتای زانستی لە هەموو بوارە جیاوازەکاندا.
هەر لە چوارچێوەی هەوڵەکان بۆ بەهێزکردنی کەرتی تایبەت، باسی لەوەش کرد لە هەوڵی بەردەوامدان بۆ جێخستنی ئەو کلتورە کە وەبەرهێنەر و سەرمایەدارەکانی هەرێم وەبەرهێنان لەسەر بیرۆکەی داهێنەرانەی گەنجان بکەن، لەم چوارچێوەیەشدا پلاتفۆرمی سمارت سولی دەستبەکار بووە و کۆڕبەندیی نێودەوڵەتی سلێمانی بۆ کارسازی و داهێنان بۆ هەمان مەبەست بەڕێوەچوو و ئەم هەوڵانەش بەردەوام دەبێت.
لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆکرا لەبارەی کێشە داراییەکانی نێوان هەرێم و بەغدا. لەمبارەیەشەوە جێگری سەرۆک وەزیران رایگەیاند هەوڵەکان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان بەردەوامە و گەشبینین لە ئەمساڵدا بە یەکجاری ئەم کێشەیە چارەسەر بکرێت.
سەبارەت بە کەرتی کشتوکاڵیش قوباد تاڵەبانی ئاماژەی بەوەدا کە لەم ساڵانەی دواییدا لە کەرتی کشتوکاڵدا هەنگاوی باش نراوە و وەزارەتی کشتوکاڵ پلانێکی تۆکمەی هەیە بۆ گەشەپێدانی ئەم کەرتە و حکومەتیش بەرچاوی روونە لە هەنگاوەکانی داهاتووییدا بۆ گەشەپێدانی کەرتی کەشتوکاڵ.