قوباد تاڵەبانی لەگەڵ فەرماندەی گشتیی هێزەکانی هاوپەیمانان لە عێراق و سووریا کۆبووەوە
قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران، پێشوازی لە وەفدێکی باڵای هێزی هاوپەیمانان بە سەرۆکایەتیی جەنەڕاڵ جۆول ڤاوڵ، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی هاوپەیمانان لە عێراق و سووریا کرد و لە کۆبوونەوەی نێوانیاندا تاووتوێی بارودۆخی ئەمنیی عێراق و هەرێمی کوردستان و ناوچەکە کرا.
لە تەوەری سەرەکیی کۆبوونەوەکەدا کە ئێوارەی ڕۆژی سێشەممە، ٩ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٤، لە هەولێر بەڕێوە چوو و شۆڕش ئیسماعیل وەزیری پێشمەرگە و دابان شەدەڵە جێگری لێپرسراوی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە و کونسوڵی گشتیی ئەمریکا لە هەرێم ئامادەی بوون، دوای گفتوگۆکردن لەسەر دوایین پەرەسەندنە ئەمنییەکانی ناوچەکە، هەردوولا هاوڕابوون لەسەر پێویستیی هەماهەنگی و پێکەوەکارکردنی هێزەکانی پێشمەرگە و هێزە عێراقییەکان لەگەڵ هاوپەیمانان، لەپێناو پاراستنی سەقامگیریی عێراق و هەرێمی کوردستان.
لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا باسی مەترسییەکانی گروپە تیرۆریستییەکان کرا کە پەرەسەندنی گرژی و ناسەقامگیری دەرفەتی زیاتر بۆ جووڵەی گرووپە تیرۆریستییەکان دەڕەخسێنت، هەربۆیە جەخت لەسەر ئەوە کرایەوە پێویستە لایەنە سیاسییەکان هەستیاریی دۆخەکە لەبەرچاو بگرن و بە گرتنەبەری سیاسەتێکی حەکیمانە خۆیان بەدوور بگرن لە هەر هەڵوێستێک کە زیان بە سەقامگیریی عێراق و ناوچەکە بگەیەنێت.
هەر لە کۆبوونەوەکەدا باسی چاکسازییەکانی وەزارەتی پێشمەرگە کرا، لەمبارەیەوە جێگری سەرۆکوەزیران، جەختی لەسەر بەردەوامبوونی پرۆسەی چاکسازی لە هێزەکانی پێشمەرگەدا بەو جۆرەی کە پلانی بۆ دانراوە کردەوە.