قوباد تاڵەبانی بە جیا لەگەڵ باڵیۆزی هیندستان و کونسوڵی گشتیی بەریتانیا کۆبووەوە
لە پەراوێزی کۆڕبەندی نێودەوڵەتیی سلێمانی بۆ کارسازی و داهێنان، قوباد تاڵەبانی بە جیا لەگەڵ هەر یەکە لە پراشانت پیسێ، باڵیۆزی هیندستان لە عێراق و جەیمس گۆڵدمان کونسوڵی گشتیی بەریتانیا لە هەرێم کۆبووەوە.
لە کۆبوونەوەکەیدا لەگەڵ باڵیۆزی هیندستان کە تیایدا مادان گۆپاڵ کونسوڵی گشتیی ئەو وڵاتە لە هەرێم ئامادەی بوو، قوباد تاڵەبانی وڵاتی هیندستانی بە نمونەیەکی سەرکەوتوو لە بوارەکانی کارسازی و داهێناندا وەسف کرد و داوایکرد وەکچۆن لە ماوەی رابردوودا هیندستان لە بواری تواناسازی گەنجان و فەرمانبەراندا هاوکاری هەرێمی کردوە، بە هەمان شێوە لە بوارەکانی کارسازی و داهێنانیشدا هاوکاری هەرێمی کوردستان بکەن.
باڵیۆزی هیندستان بەڕێوەچوونی کۆڕبەندی نێودەوڵەتیی سلێمانی بە کارێکی گرنگ و پێویست زانی و ئامادەیی وڵاتەکەشی دەربڕی بۆ هەموو جۆرە هاوکارییەک چ لەرووی گواستنەوەی ئەزمونی وڵاتەکەیان بۆ کارسازان و گەنجانی داهێنەر و چ لەڕووی بەردەوامیدان بە بەرنامەی تواناسازی گەنجانی هەرێم لە بوارە جیاوازەکاندا.
لە کۆبوونەوەکەشی لەگەڵ کونسوڵی گشتیی بەریتانیا، هەردوولا بە گرنگییەوە باسیان لە گرنگیی کۆڕبەندەکە کرد. قوباد تاڵەبانی داوایکرد بەریتانیا وەکچۆن لە زۆر بواردا هاوکاری هەرێمی کوردستانی کردوە، لە بواری پێشخستن و پەرەپێدان بە کارسازی و داهێنانیش هاوکاربن، چونکە ئەم پڕۆژەیە بۆ داهاتووی هەرێم و بە تایبەتیئش بۆ داهاتووی گەنجانی داهێنەر و خاوەنکارە گەنجەکان گرنگە.