Skip to the content

قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیران سەرپەرشتی کۆبوونەوەیەکی تایبەتی کرد سەبارەت بە رێکخستنەوەی ژێرخانی کار و بازرگانی لە هەرێم و بەهێزکردنی کەرتی تایبەت.

لە دەستپێکی کۆبوونەوەکەدا کە رۆژی سێ شەمە، ٢٣ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٤ لە ئەنجومەنی وەزیران بەڕێوەچوو و ژمارەیەک لە وەزیر و لایەنە پەیوەندیدارەکان ئامادەی بوون، راپۆرتی چۆنییەتی رێکخستنەوەی ژێرخانی کار و بازرگانی خرایەڕوو کە بەهاوکاری لەگەڵ چەند ڕاوێژکارێکی وڵاتی هۆڵەندا و چەند ڕێکخراوێکی تایبەتمەندی بوارەکە ئامادەکرابوو.
لە راپۆرتەکەدا ئاماژە بە؛ هەموو کۆسپ و گرفتەکانی بەردەم کاری بازرگانی و وەبەرهێنان کرابوو، بە تایبەتیش ئەو گرفت و کێشانە خرابوونەڕوو کە رووبەڕووی خاوەنکار و کۆمپانیا نوێیەکان دەبنەوە.
باس لە پڕۆژەی ئەو گەنجە داهێنەرانەش کرابوو کە خوازیاری ژینگەیەکی لەبارترن لە ڕووی ئیداریی و یاسایی و ئابوورییەوە بۆ پەرەپێدانی تواناکانیان و بەگەڕخستنی سەرمایەکانیان لە بوارە جیاجیاکانی وەبەرهێنان و بازرگانی بە ئاراستەی بوژاندنەوەی پڕۆژە مام ناوەندەکان و ڕەخساندنی هەلی کاری زیاتر.

لە دوای گفتوگۆکردن لەسەر ناوەڕۆکی راپۆرتەکە، قوباد تاڵەبانی، جەختی کردەوە کە دەبێت هەموو دامودەزگاکانی حکومەت هاوکاری کارسازان و ئەو کەسانە بن کە بیرۆکەی داهێنەرانەیان هەیە لە بواری بازرگانیدا و هەموو جۆرە کارئاسانییەکیان پێشکەش بکەن تا خاوەنکارەکان بتوانن کۆمپانیا و کاری خۆیان بە ئاسانی دابمەزرێنن و هەلی کار بۆ کەسانی دیکەش بڕەخسێنن.

دواتر چەندین بڕیار پەسەندکران لەبارەی چۆنییەتی کارئاسانی کردن بۆ بازرگانان و کارسازان و دامەزراندنی کۆمپانیای نوێ و ئاسانکردنی ئەرکی سەرشانی ئەو گەنجانەی کە خوازیاری کاری بازرگانی وداهێنەرانەن بە تایبەتی لە ڕووی کارئاسانیی لە بواری پێدانی باج بۆ کۆمپانیا نوێیەکان و بابەتی دەستەبەری کۆمەڵایەتی و برەودان بە پڕۆژەی بە دیجیتاڵکردنی خزمەتگوزارییەکان و کەمکردنەوەی ئەڵقەکانی ڕۆتین و پاراستنی موڵکداریی فیکریی وهزریی داهێنەران.

هەروەها لەپێناو پێشخستنی کارسازی و داهێنان، لە کۆبونەوەکەدا وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ڕاسپێردرا بابەتی کارسازیی و داهێنان بکرێتە پرۆگرامی خوێندن لە خوێندنی باڵادا.

ئەم کۆبوونەوەیە لە کاتێکدایە کە رۆژی پێنج شەمە، ٢٥ی کانوونی دووەم یەکەمین کۆڕبەندی نێودەوڵەتی سلێمانی بۆ کارسازی و داهێنان بەڕێوەدەچێت کە تێیدا ژمارەیەک بیرۆکەی نوێی کارسازی دەخرێنەڕوو و جێبەجێ دەکرێن.

لە کۆتاییدا بڕیاردرا کە ئەم کۆبوونەوانە بەردەوام بن بۆ بەدواداچوونی جێبەجێکردنی ڕاسپاردە وبڕیارەکان.