قوباد تاڵەبانی لەگەل باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق کۆبووەوە
قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران لە کۆبوونەوەی لەگەڵ ستیڤن هیچن، باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق، ڕایگەیاند وڵاتانی دراوسێ هەر نیگەرانییەکیان هەیە دەبێت لەڕێگەی ئاشتییانە و دیپلۆماسییەوە چارەسەر بکرێن و هیچ پاساوێک نییە بۆ پێشێلکردنی سەروەری خاکی عێراق و هەرێمی کوردستان.
لە کۆبوونەوەکەدا کە ڕۆژی چوارشەمە، ١٧ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٤ لە هەولێر بەڕێوە چوو، باڵیۆزی بەریتانیا بە بۆنەی شەهیدبوونی چەند هاووڵاتییەک لە هێرشەکەی سەر هەولێر، هاوخەمیی خۆی بۆ حکومەتی هەرێم و هاووڵاتییانی کوردستان دەربڕی. هەردوولاش هاوڕابوون ئەم جۆرە هێرشانە پێشێلکردنی سەروەریی خاکی عێراق و هەرێمە و نەک کێشەکان چارەسەر ناکەن، بەڵکو دەبنە مایەی ناسەقامگیریی زیاتری ناوچەکە.
قوباد تاڵەبانی جەختی کردەوە کە پێویستە هەردوو حکومەتی هەرێم و حکومەتی فیدراڵ بۆ کۆتاییهێنان بە پێشێلکردنی سەرەوەریی خاکی عێراق و هەرێم، پێکەوە کار بکەن و هەرچی ڕێوشوێنی پێویستە بیگرنە بەر و هەوڵ بدرێت کێشەکان لە ڕێگەی دیالۆگ و کەناڵە دیپلۆماسییەکانەوە چارەسەر بکرێن.