Skip to the content

قوباد تاڵەبانی لەگەڵ نوێنەری یەکێتیی ئەوروپا لە هەرێم کۆبووەوە

قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیران لەگەڵ تۆرکیڵد بیگ، نوێنەری یەکێتیی ئەوروپا لە هەرێمی کوردستان کۆبووەوە و پێکەوە چەند پرسێکی جێی بایەخی هەردوولایان تاوتوێ کرد.

لە تەوەرێکی کۆبوونەوەکەدا کە رۆژی چوارشەمە، ١٧ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٤ لە هەولێر بەڕێوەچوو، باسی چۆنییەتی رەخساندنی هەلی کار بۆ گەنجان لە هەرێمی کوردستان کرا. لەم چوارچێوەیەشدا جەخت کرایەوە لەسەر پشتگیریکردنی پڕۆژەی بازرگانی بچوک و بە تایبەتیش ئەو پڕۆژانەی لەلایەن گەنجان و بە بیرۆکەی گەنجانەوە پێشکەش دەکرێن.
لەمبارەیەوە قوباد تاڵەبانی داوای کرد یەکێتیی ئەوروپا زیاتر هاوکاری هەرێمی کوردستان بکات، بە تایبەتیش لەڕووی گواستنەوەی ئەزمونی وڵاتانی ئەوروپا لە پێشخستنی پڕۆژە بازرگانییە بچوکەکان.
لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا قسە لەسەر پلاتفۆرمی سمارت سولی و کۆڕبەندی نێودەوڵەتیی سلێمانی بۆ داهێنان و کارسازی کرا کە بڕیارە رۆژی ٢٥ی ئەم مانگە لە سلێمانی بەڕێوەبچێت. هەردوولا هاوڕابوون کە پلاتفۆرمی سمارت سولی پڕۆژەیەکی گرنگە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی حکومڕانی لەڕێگەی بەشداری پێکردنی هاوڵاتییان لە چارەسەرکردنی کێشەکاندا. لەمبارەیەشەوە جێگری سەرۆک وەزیران داوای کرد یەکێتی ئەوروپا هاوکاری پێشخستنی پلاتفۆرمەکە بکات.

پلاتفۆڕمی سمارت سولی دەستپێشخەرییەکی نوێی جێگری سەرۆک وەزیرانە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی شار لەڕێگای بەشداریکردنی هاوڵاتییان و کەسانی پسپۆڕ لە دۆزینەوەی چارەسەری زیرەک و داهێنان لە بوارە جیاوازەکاندا. ئامانجی پڕۆژەکەش پێشکەشکردنی باشترین خزمەتگوزارییە بە هاوڵاتییان و پێشخستنی سیستمی بەڕێوەبردن و حکومڕانییە لە هەرێمی کوردستان.