Skip to the content

قوباد تاڵەبانی لەگەڵ کونسوڵی گشتیی ئەمه‌ریکا کۆبووەوە

قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران، لە پەراوێزی کۆڕبەندی نێودەوڵەتيی سلێمانی بۆ کارسازی و داهێنان، لەگەڵ مارک سترۆ، کونسوڵی گشتیی ئەمه‌ریکا لە هەرێم کۆبووەوە و چەند پرسێکی جێگەی بایەخی هەردوولایان تاوتوێ کرد.
لە دەستپێکی کۆبوونەوەکەدا کە ڕۆژی پێنجشەممە، ٢٥ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٤ بەڕێوە چوو، گفتوگۆ لەبارەی گرنگیی کۆڕبەندی نێودەوڵەتیی سلێمانی بۆ کارسازی و داهێنان و چۆنییەتی کارکردن بۆ بەدیهێنانی ئامانجەکانی کۆڕبەندەکە كرا.
جێگری سەرۆکوەزیران ئاماژەی بەوە کرد ئامانجمانە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی حکومڕانی و گەشەپێدانی ئابووری و هەموو کەرتەکانی دیکە، وەبەرهێنان لەسەر عەقڵە داهێنەرەکان بکەین و بە هەموو تواناشەوە پشتگیری کارسازان و بەتایبەتیش کارسازانی گەنج و گەنجە داهێنەرەکان دەکەین.
وتیشی ئێمە لە هەنگاوی سەرەتاداین و پێویستە سوود لە ئەزموون و شارەزاییى وڵاتانی دیکە وەربگرین و داواشی کرد لەمبارەیەوە ئەمه‌ریکا یارمەتیدەری سەرخستنی ئەم قۆناغە نوێیە بێت.
لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، باسی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و بەغدا کرا. لەم چوارچێوەیەدا قوباد تاڵەبانی ڕوونی کردەوە کە هەنگاوی جددی نراوه‌ بەرەو چارەسەرکردنی کێشەی بودجە و گەشبینین کە لە ماوەیەکی نزیکدا ئەم کێشەیە بە یەکجاری چارەسەر بکرێت.