قوباد تاڵەبانی: هەوڵی جددی هەیە بۆ هەموارکردنەوەی یاسای بودجەی عێراق
قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران لەگەڵ وەفدێکی نەتەوە یەکگرتووەکان بەسەرۆکایەتیی کڵاودیۆ کۆردۆن، جێگری نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتوەکان بۆ عێراق کۆبووەوە و پێکەوە باسی چەند پرسێکی جێگەی بایەخی هەردوولایان کرد.
لە تەوەری سەرەکیی کۆبوونەوەکەدا کە ڕۆژی سێشەمە، ٩ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٤، لە هەولێر بەڕێوەچوو و تیایدا دابان شەدەڵە جێگری بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی هەرێم ئامادەی بوو، گفتوگۆ کرا لەبارەی چۆنییەتیی چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێم و بەغدا و لەناویشیاندا کێشەی بودجەی هەرێمی کوردستان.
لەمبارەیەوە قوباد تاڵەبانی دوایین گۆڕانکارییەکانی بۆ وەفدی میوان ڕوون کردەوە و ڕایگەیاند: "وەفدی هەرێم لە دوایین سەردانیدا بۆ بەغدا گفتوگۆی باش و ئەرێنییان کردووە لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی فیدراڵ و هەوڵی جددیش هەیە بۆ هەموارکردنەوەی یاسای بودجە."
گوتیشی: "لەم قۆناغەدا پێویستە حکومەتی هەرێم و هەموو لایەنە کوردستانییەکان پێکەوە گفتوگۆی جددی لەگەڵ لایەنە عێراقییەکان و فراکسیۆنە جیاوازەکانی ناو پەرلەمانی عێراق بکەن تا یاسای بودجە بە شێوەیەک هەموار بکرێتەوە کە کێشەی موچەی فەرمانبەران و بەشەبودجەی هەرێم بە یەکجاری چارەسەر بکات."
لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا تاووتوێی هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی پارێزگاکان و چۆنییەتیی پێکهێنانی حکومەتە خۆجێیەکان کرا. لەمبارەیەشەوە جێگری سەرۆکوەزیران جەختی کردەوە کە دەبێت بەپێی ئەنجامەکانی هەڵبژاردن لە پرۆسەی پێکهێنانی حکومەتە خۆجێیەکاندا رێز لە دەنگ و ئیرادەی خەڵک بگیرێت و هاوکاتیش نابێت هەوڵی پەراوێزخستنی هیچ لایەن و پێکهاتەیەک بدرێت.
سەبارەت بە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانیش، جێگری سەرۆکوەزیران جەختی کردەوە لەسەر پێویستیی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن بە شێوەیەکی پاک و بێگەرد کە جێی رەزامەندیی هەمووان بێت و مافی هەموو لایەک و لەناویشیاندا پێکهاتەکان پارێزراو بێت.
لە دوایین تەوەری کۆبوونەوەکەشدا باسی گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە و دۆخی سیاسیی عێراق کرا. هەردوولا هاوڕابوون کە پێویستە لایەنە عێراقییەکان هەستیاریی دۆخەکە لەبەرچاو بگرن و بە گرتنەبەری سیاسەتی حەکیمانە خۆیان بەدوور بگرن لە هەر جۆرە هەڵوێست و هەنگاوێک کە سەقامگیریی عێراق و هەرێمی کوردستان بخاتە مەترسییەوە.