قوباد تاڵەبانی و کونسوڵی گشتیی ئەمریکا کۆبوونەوە
قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیران پێشوازی کرد لە مارک سترۆ، کونسوڵی گشتیی ئەمریکا لە هەرێم و پێکەوە تاوتوێی چەند بابەتێکی جێی بایەخی هەردوولایان کرد.
لە کۆبوونەوەکەدا کە رۆژی سێ شەمە، ١٦ کانوونی دووەمی ٢٠٢٤ لە هەولێر بەڕێوەچوو، کونسوڵی گشتیی ئەمریکا هاوسۆزی و هاوخەمی وڵاتەکەی بۆ حکومەت و هاوڵاتییانی هەرێم دەربڕی لەپای هێرشەکەی شەوی رابردوو بۆ سەر شاری هەولێر.
لەوبارەیەوە، قوباد تاڵەبانی ئاماژەی بەوەدا کە؛ ناکرێت چیتر سەرەوەری خاکی عێراق و هەرێمی کوردستان لەژێر هیچ پاساو و بیانوویەکدا پێشێل بکرێت. وتیشی: ئەم جۆرە هێرشانە سەقامگیری ناوچەکە دەخەنە مەترسییەوە و ئاڵۆزییەکان زیاتر دەکەن.
جێگری سەرۆک وەزیران لەگەڵ ئیدانەکردنی هێرشەکەش رایگەیاند؛ بۆ ئەوەی ئەم جۆرە هێرش و پێشێلکارییانە بە شێوەیەکی هەمیشەیی کۆتایی پێ بهێنرێت، پێویستە هێزە سیاسییەکانی کوردستان پێکەوە هەڵوێستێکی یەکگرتوویان هەبێت. داواشیکرد هەردوو حکومەتی هەرێم و حکومەتی فیدراڵ پێکەوە کاربکەن بۆ گرتنەبەری هەموو ڕێوشوێنێکی پێویست بۆ پاراستنی سەرەوەری خاکی عێراق و هەرێمی کوردستان.
هەر لە کۆبوونەوەکەدا قوباد تاڵەبانی ئاماژەی بەوەشدا؛ هەر وڵاتێکی دراوسێ نیگەرانییەکی هەیە پێویستە لەڕێگەی گفتوگۆ و بە شێوەیەکی ئاشتییانە کێشەکان چارەسەر بکرێن، نەک لە ڕێگەی شەڕ و بۆردومانکردنی خاکی هەرێم.