Skip to the content

قوباد تاڵەبانی لەگەڵ بەرپرسانی ئیداريی چەمچەماڵ کۆبووەوە

قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران لە میانەی سەردانەکەیدا بۆ چەمچەماڵ، بە ئامادەبوونی دکتۆر دارا ڕەشید، وەزیری پلاندانان و لیوا چەتۆ ساڵح، بریکاری وەزیری ناوخۆ، لەگەڵ قایمقام و بەرپرسانی ئیداریی چەمچەماڵ کۆبووەوە.

لە کۆبوونەوەکەدا کە ڕۆژی یەکشەممە ٣٠ی حوزەیرانی ٢٠٢٤، لە یەکێک لە هۆڵەکانی مۆنیومێنتی ئەنفال بەڕێوە چوو، باس لە کێشە خزمەتگوزارییەکان و داواکارییەکانی دانیشتووانی چەمچەماڵ کرا.
جێگری سەرۆکوەزیران داوای لە بەرپرسانی ئیداریی چەمچەماڵ کرد، ڕێوشوێنە ئیدارییەکان بۆ جێبەجێکردن و ڕاییکردنی مامەڵەی هاووڵاتییان ڕێک بخەنەوە و زۆرترین ئاسانکاری بۆ هاووڵاتییان بکەن.
گوتیشی؛ ئێوە بەرپرسی خەڵک نین، بەڵکوو خزمەتکاری خەڵکن، بۆیە دەبێت بەردەوام بەدەم جێبەجێکردنی داواکاریی خەڵکەوە بن، نەک هاووڵاتی هەست بکات لەلایەن بەپرسانی ئیدارییەوە کێشە بۆ جێبەجێکردنی داواکارییەکانیان دروست دەکرێت. جەختیشی کردەوە کە ئامانجی ئێمە خزمەتکردنی هاووڵاتییانە و بۆ ئەم مەبەستەش هەر گۆڕانکارییەک پێویست بکات لە پۆستە ئیدارییەکاندا دەیکەن.

لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، قوباد تاڵەبانی ئاماژەی بەوە کرد کە بۆ گەشەپێدانی ناوچەکە و رڕەخساندنی هەلیکار بۆ گەنجانی چەمچەماڵ، پێویستە بەرپرسانی ئیداری هەوڵ بدەن بە کاراسانیکردن و گرتنەبەری ڕێوشوێنی پێویست و گونجاو، هانی وەبەهێنەران بدەن لە چەمچەماڵ وەبەرهێنان بکەن.

جێگری سەرۆکوەزیران داواشی لە بەرپرسانی ئیداریی چەمچەماڵ کرد بە سینگفراوانییەوە گوێ لە ڕەخنەی هاووڵاتییان بگرن و هەرگیز لەسەر ڕەخنە و گلەیی و توڕەبوونی هاووڵاتییەک سکاڵا لەسەر کەس تۆمار مەکەن. گوتیشی؛ دەبێت یاسا بەکاربێنن بۆ جێبەجێکردن و کاراسانیکردن بۆ هاووڵاتییان، نەک بۆ گرفت و کێشە دروستکردن بۆ هاووڵاتییەکی توڕە و ناڕازی.