قوباد تاڵەبانی سەبارەت بە دۆخی شەنگال لەگەڵ وەفدێکی ئەڵمانیا کۆبووەوە
قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران پێشوازیکرد لە وەفدێکی حکومەتی ئەڵمانیا بە سەرۆکایەتی خاتوو لویس ئامستبێرگ، بەرپرسی کۆمسیۆنی فیدراڵی حکومەتی ئەڵمانیا بۆ سیاسەتەکانی مافەکانی مرۆڤ و هاوکاریی مرۆیی و لە کۆبوونەوەی نێوانیاندا گفتوگۆکرا لەبارەی دۆخی ئاوارە ناوخۆییەکان، بە تایبەتیش ئاوارە ئێزدییەکان.
لە کۆبوونەوەکەدا کە رۆژی سێ شەمە (٢٣ی تەموزی ٢٠٢٤) لە هەولێر بەڕێوەچوو، جەخت کرایەوە لە پاراستنی هەموو مافەکانی ئاوارەکان و بە تایبەتیش ئاوارە ئێزدییەکان لە هەرێمی کوردستان.
لەمبارەیەوە جێگری سەرۆکوەزیران و وەفدەکەی حکومەتی ئەڵمانیا هاوڕابوون کە هەموو لایەک بەیەکەوە کار بکەن لەپێناو پاراستنی سەقامگیری لە ناوچەی شەنگال، تا ئاوارەکان بتوانن بەبێ ترس و دڵەڕاوکێ بگەڕێنەوە بۆ زێدی خۆیان.
جێگری سەرۆکوەزیران هەموو پشتیوانییەکی خۆی دەربڕی بۆ ئاساییکردنەوەی دۆخی ئەو ناوچەیە و بە پێویستیشی زانی حکومەتی ئەڵمانیا و کۆمەڵگای نێودەوڵەتی لەمبارەیەوە زیاتر رۆڵ ببینن.