قوباد تاڵەبانی لەگەڵ باڵیۆزی یەکێتیی ئەوروپا لە عێراق کۆبووەوە
قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران پێشوازیکرد کە تۆماس سیلەر، باڵیۆزی یەکێتیی ئەوروپا لە عێراق و لە کۆبوونەوەی نێوانیاندا تاوتوێی چەند پرسێکی جێی بایەخی هەردوولا کرا.
لە تەوەرێکی کۆبوونەوەکەدا کە رۆژی سێ شەمە ( ٢٣ی تەموزی ٢٠٢٤) لە هەولێر بەڕێوەچوو، گفتوگۆکرا لەبارەی چۆنییەتی پەرەپێدان بە تواناکانی گەنجانی داهێنەر و کارسازی هەرێمی کوردستان. لەمبارەیەوە جێگری سەرۆکوەزیران رۆئیا و پلانی خۆی بۆ تواناسازی گەنجان روون کردەوە و ئاماژەی بە پڕۆژەی فاوندەیشن هەب کرد کە بڕیارە لە داهاتوویەکی نزیکدا بکرێتەوە.
هەر لەم چوارچێوەیەدا قوباد تاڵەبانی داوایکرد هاوکارییەکانی یەکێتی ئەوروپا بۆ هەرێمی کوردستان زیاتر بۆ تواناسازی گەنجانی داهێنەر و کارسازی تەرخان بکرێت، چونکە لە ڕێگەی ئەم پڕۆژەیەوە هەلی کاری زیاتر بۆ گەنجان دەڕەخسێت و یارمەتیدەریش دەبێت بۆ گەشەسەندنی بزنسە بچوکەکانی گەنجان لە کوردستان.
وتیشی سەرکەوتنی پڕۆژەی فاوندەیشن هەب و پەرەپێدانی بزنسە بچوکەکان لە بەرژەوەندی یەکێتیی ئەوروپاشدایە بەوەی کاریگەری دەبێت لەسەر کەمکردنەوەی رێژەی کۆچی نایاسایی گەنجان بۆ دەرەوەی وڵات.
لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا تاوتوێی پرسی هەڵبژاردنەکانی خولی داهاتووی پەرلەمانی کوردستان کرا. لەمبارەیەشەوە قوباد تاڵەبانی ئاماژەی بە گرنگی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن کردەوە بۆ پاراستنی شەرعییەتی دامەزراوەکانی حکومڕانی هەرێمی کوردستان و جەختیشی کردەوە لەسەر بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن لەو وادەیەی لەلایەن سەرۆکایەتیی هەرێمەوە دیاری کراوە.