Skip to the content

قوباد تاڵەبانی لەگەڵ جێگری فەرماندەی فەرماندەییی ناوەندیی هێزەکانی ئەمەریکا کۆبووەوە

قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران پێشوازیکرد لە وەفدێکی سەربازی ئەمریکا بە سەرۆکایەتی برادلی کووپەر، جێگری فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) و لە کۆبوونەوەی نێوانیاندا پرسی تیرۆر و چۆنییەتی بەهێزترکردنی هەماهەنگی نێوان هێزەکانی هاوپەیمانان لەگەڵ هێزە ئەمنییەکانی کوردستان تاوتوێ کران.

لە کۆبوونەوەکەدا کە رۆژی چوارشەمە (٢٤ی تەموزی ٢٠٢٤) لە هەولێر بەڕێوەچوو و تیایدا شۆرش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگە و لیوا روکن بەختیار محەمەد سدیق، ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگە و مارک سترۆ کونسوڵی گشتیی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان ئامادەی بوون، قوباد تاڵەبانی سوپاسی هێزەکانی ئەمریکای کرد کە بەردەوامن لە کارکردن لەگەڵ هێزەکانی دژە تیرۆر و هێزە ئەمنییەکانی تری کوردستان و لەم دوایانەدا پێکەوە ئۆپەراسیۆنی زۆر سەرکەوتوویان لە دژی تیرۆریستان ئەنجام داوە.
لە تەوەری سەرەکیی کۆبوونەوەکەدا لەسەر پرسی تیرۆر لە عێراق و ناوچەکە گفتوگۆکرا. هەردوولا هاوڕابوون تیرۆر هێشتا هەڕەشەیەکی جدییە بۆسەر ئاسایش و سەقامگیری عێراق و ناوچەکە. لەم چوارچێوەیەدا جێگری سەرۆکوەزیران جەختی کردەوە لەسەر گرنگیی بەردەوامبوونی کارکردنی هێزەکانی هاوپەیمانان لە عێراق، تا لەلایەکەوە بە هاوکاری و هەماهەنگی لەگەڵ هەموو هێزە ئەمنییەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان کۆتایی بە هەڕەشەی تیرۆر بهێنرێت و لەلایەکی دیکەشەوە یارمەتیدەری حکومەتی عێراق بن لە پاراستنی سەروەری خاکی عێراق و پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری لە ناوچەکەدا.

لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا باسی پرۆسەی چاکسازی لە هێزەکانی پێشمەرگە کرا. قوباد تاڵەبانی پشتگیری خۆی بۆ بەردەوامبوونی هەنگاوەکانی چاکسازی لە وەزارەتی پێشمەرگە دووپات کردەوە و هیوای خواست بە هاوکاری هاوپەیمانان هەنگاوەکانی چاکسازی بە شێوەیەکی خێراتر جێبەجێ بکرێن.