Skip to the content

قوباد تاڵەبانی پرۆژەی ئاوی گۆپتەپە – چەمچەماڵی بەسەر کردەوە

ڕۆژی یەکشەممە ٣٠ی حوزەیرانی ٢٠٢٤، قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، لە یەکەم وێستگەی سەردانەکەیدا بۆ چەمچەماڵ، بە ئامادەبوونی دارا رەشید، وەزیری پلاندانان، پرۆژەی ئاوی گۆپتەپە – چەمچەماڵی بەسەر کردەوە.

پرۆژەکە بە گوژمەی ٧٨ ملیۆن دۆلار چووەتە بواری جێبەجێکردنەوە و بڕیارە لە ماوەی ٧٣٠ ڕۆژدا تەواو بکرێت. جێگری سەرۆکوەزیران ڕایگەیاند: دانیشتووانی چەمچەماڵ ساڵانێکی زۆرە بە دەست کێشەی ئاوەوە دەناڵێنن و چەندین ساڵیشە چاوەڕوانی جێبەجێکردن و تەواوکردنی ئەم پرۆژەیەن.

گوتیشی: نابێت بە هیچ هۆکارێک کارکردن لە پرۆژەکە بوەستێت و داوای کرد کۆمپانیای جێبەجێکار لە وادەی دیاریکراوی خۆیدا کارەکانی پرۆژەکە تەواو بکات، چونکە ئەمە سەرەکیترین داواکاری و مافی دانیشتووانی چەمچەماڵە.