Skip to the content

قوباد تاڵەبانی پرۆژەى یەکتربڕى باخی بەختیارى لە سلێمانی کردەوە

ڕۆژى شەممە ٨ی حوزەیرانی ٢٠٢٤، قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێم، بە ئامادەبوونی سەرۆکی شارەوانی و بەڕێوەبەرى گشتیی وەبەرهێنان لە سلێمانی، پرۆژەى یەکتربڕى باخی بەختیارى کردەوە.

لەمیانی بەسەرکردنەوەى پرۆژەکەدا، قوباد تاڵەبانی سوپاس و ستایشی کۆمپانیاى جێبەجێکار و سەرۆکایەتیی شارەوانی بە ستاف و ئەندازیارانیەوە کرد، بۆ بەجێگەیاندنی ئەم پرۆژە گرنگەى ڕێگەوبان، کە بە تەواوبوونی، چارەسەرى گرفتى ترافیک و قەرەباڵغیی هاتوچۆ لە دەروازەى شارى سلێمانی دەکات.

هەروەک جێگرى سەرۆکی ئەنجومەنى وەزیران دەستخۆشی لە هەوڵەکانی دکتۆر هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگارى سلێمانی کرد، کە بەردەوام بەدواداچوونی بۆ پرۆژەکە کردووە، لەپێناو بەزوویی تەواوکردن و چارەسەرکردنی لەمپەرەکانی بەردەم جێبەجێکردنی و چارەسەرى گرفتى قەرەباڵغی هاتوچۆ لە دەروازەى شاردا.

جێگری سەرۆکوەزیران پرۆژەى یەکتربڕى باخی بەختیارى بە نموونەیەکی جوانی هەماهەنگی نێوان حکومەت و کەرتی تایبەت وەسف کرد، کە مەترسییەکانی هەر جۆرە ڕووداوێک کەم دەکاتەوە و کاراسانی بۆ هاووڵاتییان دەکات، ئاماژەى بەوەش کرد کە تەواوبوونی ئەم پرۆژەیە و پێنج پرۆژەى ترى هاوشێوە کە لە قۆناغی جێبەجێکردندان، شارى سلێمانی دەگەیەنێتە ئاستێکی زۆر پێشکەوتوو لە بوارى هاتوچۆدا.

هاوکات قوباد تاڵەبانی سوپاسی وەزارەتی شارەوانی و ئەو کۆمپانیایانەى کرد کە تەمویلی پرۆژەکان دەکەن و لە خەمی جوانترکردنی شار و شەقامەکاندان و کاراسانیان بۆ هاتوچۆ لەئەستۆ گرتووە و لە خەمی بەهێزکردنی ژێرخانی شاری سلێمانیین.